Accessibility links

ڕۆژنامەوانێکی ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا لە ئۆکرانیا کوژرا


ڕۆژنامەوان ڤیرا هایریچ, کە بۆ دامەزراوەی ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کاریدەکرد، دوابەدوای بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو شارە لە شوقەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی بەشی ئۆکرانی رادیۆی ئازادی ئەوروپا بەرەبەیانی 29ی 4 تەرمەکەی ڤیرا هایریچ لە نێو داروپەردووی باڵەخانەکەدا دۆزراوەتەوە کە شەوی پێشوو ڕووسیا بە موشەک بۆردومانی ئەو باڵەخانەیەی کردبوو.

ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان, لە 28ی مانگی 4 دا سەردانی ئۆکرانیای کرد لەوکاتەدا کە ڕووسیا بە موشەک کیێڤی بۆردومان دەکرد. بۆردومانەکە باڵەخانەیەکی کردبووە ئامانج کە خەڵکی مەدەنی وەکو ڤیرای تێدا دەژیا.

ڤیدیۆ و وێنەکان نیشانی دەدەن بۆردومانەکە تەنانەت ژێرزەمینەکانی بیناکەیان بە سەختی وێرانکردووە. جامی ئۆتۆمبیلەکان لە دەوروبەری ئەو ناوچەیە وردوخاش بوون.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، ڕایگەیاند موشەکی دوور مەوداو وردبینیان بەکارهێناوە بۆ بۆردومانکردنی باڵەخانەیەکی کارگەیەکی کیێڤ کە سەر بە کۆمپانیای ئارتیمی ئۆکرانیە و کاری دروستکردنی موشەکە.

بەرپرسانی ئۆکرانی هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەسەر ئەوەی ئایا کارگەکە لە کاتی بۆردومانەکەدا بەرکەوتووە یان نا.

ڤیتالی کلیتچکۆ سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە 29ی 4 دا لە ڕێگەی تێلێگرامەوە ڕایگەیاند بەهۆی ئەو هێرشە موشەکییەی ڕووسیاوە تەرمێک لە ناو داروپەردوی باڵەخانەکەدا دۆزراوەتەوە و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڤیرا هایریچ لە دایکبووی ساڵی 1967 بووە و لە مانگی 2 ی ساڵی 2018 وە لە رادیۆی ئازادی ئەوروپا دەستبەکار بووە. پێشتر لە تەلەفیزیۆنێکی بەناوبانگی ئۆکرانی کاری کردبوو.

ڕادیۆیەکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، کارمەندانی فریاگوزاری ئۆکرانی ڕۆژی هەینی تەرمی رۆژنامەوانەکەی ڕادیۆی ئازادییان لە ناو داروپەردووی ئەو باڵەخانەیەدا لە کیێڤ دۆزیوەتەوە کە شەوی ڕابردوو ڕووسیا بۆردومانی کردبوو.

XS
SM
MD
LG