ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بۆ یەکەمجار چەکی قورسی بۆ ئۆکراینا ناردووە، ئەمەش دوای چەندین هەفتە لە فشاری ناوخۆی و دەرەکی دەهات بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ئەڵمانیا کە دژی ناردنی چەکی قورس بوو بۆ ئەو وڵاتە.
کریستین لامبەرخێت، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، گوتی حکومەت ڕەزامەندی نیشانداوە هەر لە ڕۆژی دووشەممەوە زرێپۆشی دژە-فڕۆکەی گیبارد، کە لە دروستکراوی کۆمپانیای KMW ی ئەڵمانییە، بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.
مارسێل دێرسیس، ئەندامی پەیمانگای سیاسەتی ئاسایشی لە زانکۆی کییل ڕایگەیاند "گرنگی راستەقینەی ئەم بڕیارە لەوەدا نیە کە گیبارد چ جیاوازییەک لە مەیدانی جەنگدا دروستدەکات، بەڵکو لەو ئاماژەیەدایە کە بڕیارەکە دەینێرێت."
هەروەها گوتیشی ئەڵمانیا کە خاوەن گەورەترین ئابوری ئەوروپایە، "ڕژدە لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و یارمەتی زیاتریش بەڕێوەیە."
ڕەخنەگران بە باڵیۆزی ئۆکرانیاشەوە لە ئەڵمانیا بەرلینیان تۆمەتبارکردووە بەوەی کە لە ناردنی چەکی قورس بۆ ئۆکراینا و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی دیکەدا خاوەخاوی کردووە، لە کاتێکدا دەتوانێ یارمەتی کیێڤ بدات سوپای ڕووسیا وەدەربنێت لە ڕێگەی دابینکردنی چەک و وەستاندنی هاوردەکردنی گازی سروشتی لە ڕووسیا.
سەرۆکی حکومەتی ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵتز بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە کە هێزە سەربازییەکان و هێزی لەشکری فیدڕاڵی ئەڵمانیا، ناسراو بە بۆندیسڤیەر، گەشتوونەتە سنووری تواناکانیان بۆ بەخشینی چەک و ئەو چەکانەی دەتوانن دابینی بکەن پێوستیان بە تەقەمەنی و نوێکرندەوە هەیە.
شۆڵتز کە دیموکراتێکی سۆشیالیستە و ماوەیەکی زۆرە بەرگری لە پەیوەندیە نزیکەکانی پارتەکەی لەگەڵ ڕووسیا کردووە، هەروەها هۆشداری دا لە مەترسی ئەوەی ئەگەر مۆسکۆ ئەڵمانیا وەک بەشێکی ئەو ململانێیە وێنا بکات ئەوا دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی سێیەم.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز