Accessibility links

ئەمەریکا لە ئەڵمانیا میوانداری کۆبوونەوەیەکی سەربازیی دەکات لەسەر ئۆکرانیا


ەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
ەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ئەمەریکا بەنیازە لە ئەڵمانیا میوانداری دەیان وڵات بکات بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕچەککردنی ئۆکرانیا. پلانەکە دوای ئەوە هات وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا سەردانی کیێڤیان کرد و بەڵێنیاندا ئەمەریکا یارمەتی سەربازیی زیاتر پێشکەشی ئۆکرانیا بکات.

ڕۆژی سێشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە بنکەی سەربازیی ئاسمانی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا میوانداری کۆبوونەوەیەک دەکات بەمەبەستی زیادکردنی هەماهەنگییەکانی ڕۆژئاوا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕووی سەربازییەوە.

جەنەڕاڵی سوپای ئەمەریکا مارک مێڵی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئۆکرانیا پێویستی بە " بەردەوام بوونی پشتیوانییەکان هەیە تاوەکو بتوانێت لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا سەرکەوتوو بێت. لەڕاستیدا مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە."

پێشبینی دەکرێت سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.

کۆبوونەوەکە دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دێت بۆ ئۆکرانیا، لە سەردانەکەدا بەڵێنیان بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا یارمەتی سەربازیی زیاتر پێشکەشی ئۆکرانیا بکەن و بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان لە وڵاتانی دیکەشەوە.

دوای گەڕانەوەی لە کیێڤ، بلینکن لە پۆڵەندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەکاتێکدا ڕووسیا هەوڵ دەدات چەند بەشێکی ئۆکرانیا " لەناوببات، ئۆکرانییەکان بە بەهێزی ماونەتەوە، بەو یارمەتییانەوە بەهێزن کە لەگەڵ سەرانسەری جیهاندا هەماهەنگیمان بۆ کردوون."

بلینکن وتی " دەمانەوێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانییەکان تاوەکو بەزووترین کات و بە باشترین شێوە کۆتایی بەمە بهێنن."

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا یارمەتی دارایی سەربازیی دیکەی بیانی بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات تاوەکو یارمەتی ئۆکرانیا بدەن بتوانێت چەکی پێشکەوتووتر و سیستمی بەرگری ئاسمانی دەست بکەوێت و بتوانن بەرپەرچی هێرشەکانی ڕووسیا بدەنەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " بەنیازین زیاتر لە 713 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی دارایی سەربازیی بیانی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەین، ئەم یارمەتییانەش بۆ ئۆکرانیا و 15 وڵاتی دیکەی هاوپەیمان و هاوبەشی دیکە دەبێت لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە باڵکانس، هەروەها ئەو توانایانە دابین دەکات کە ئۆکرانیا پێویستی پێیانە، بەتایبەتی بۆ شەڕەکەی دۆنباس."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG