Accessibility links

بەپێی ڕاپرسیـیەکان هەلی سەرکەوتنی ماکرۆن زیاترە


ماڵپەڕە سیاسییەکانی ڕاپرسی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری ئێستای فەڕەنسا چانسی زیاتر لە 90٪ ی هەیە بۆ بردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە بەرامبەر ڕکابەری ڕاستڕەو مارین لو پێن بەڕێوەبچێت.

بە پێی ڕاپرسییە گشتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو پشتیوانی لە ماکرۆن بۆ زیاتر لە 55٪ بە بەراورد بە ڕێژەی ڕکابەرەکەی کە 45٪ بووە، بەرزبووەتەوە.

ماڵپەڕەکانی ویلیام هیڵ (William Hill) و پادی پاوەر( Paddy Power) چانسی بردنەوەی 90.9٪ یان بۆ سەرۆک کۆماری ئێستای فەرەنسا ڕاگەیاندوە، لە کاتێکدا ماڵپەڕی بێتفێر ئێکسچێنچ ( Betfair Exchange) 92.6٪ ڕاگەیاندووە، هەروەها ماڵپەڕی و لادبرۆکس( Ladbrokes) 94.1٪ یان ڕاگەیاندووە.

لەگەڵ ئەمانەشدا بەڵام پشتیوانی زۆرتر لە ڕووداوێکی سیاسی لە ڕاپرسییەکاندا بە مانای مسۆگەرکردنی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان نییە، لە ساڵی 2016دا، ڕاپرسییەکان هەموویان ئەوەیان پیشان دەدا کە چانسی بردنەوەی دەنگەکان بۆ مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا زاڵترە، بۆ نموونە لە ڕۆژی دەنگداندا، ماڵپەڕی ڕاپرسی بێتفێر پیشانیدا کە 88.5٪ دەنگ بە مانەوەی بەریتانیا دەدەن، بەڵام ئەنجامەکە شتێکیتر بوو.

پێش خولی یەکەمی هەڵبژاردن و کاتێک لە ڕاپرسییەکاندا دەرکەوت چانسی بردنەوەی مارین لوپێن 48.5٪ دەبێت، بازاڕە داراییەکانی فەرەنسا ئاڵۆزی و ناسەقامگیری تێکەوت، بەڵام لە ئێستادا پێشڕەوییەکانی ماکرۆن وەبەرهێنەکانی دڵنیا کردوەتەوە و بازاڕی ئەو وڵاتە ئارامی بۆ گەڕاوەتەوە.

ئیمانوێل کاو، سەرۆکی ستراتیژی پشکەکانی ئەوروپا لە بارکلیز سەبارەت بە ئارامی و دڵنیابوونەوەی وەبەرهێنەران هۆشداری داوە.

کاو لە یاداشتێکدا دەڵێت "بە پێی ئەو ژمارە بەرزە لە دەنگدەران کە هێشتا ڕوون نییە دەنگ بە کێ دەدەن، ناتوانین گۆڕانەکان لەبەرچاو نەگرین و پێدەچێت ئەنجامەکان لە ساڵی 2017 قورستر بن، کاتێک ماکرۆن نزیکەی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی بردەوە."

ئەو گوتیشی "بردنەوەی لوپن بە مانای نادڵنیاییە بۆ بازاڕ و دارایی فەڕەنسا و یەکێتی ئەوروپاش."

گفتووگۆی نێوان ماکرۆن و لوپێن ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 7ی ئێوارە دەست پێدەکات و ئەمەش تەنها دیبەیت و گفتوگۆی نێوان ئەو دوو کاندیدەیە.

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن 28.5%، مارین لۆپێن 24.2% و ژۆن مێلونشۆن 22% دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بەم شێوەیەش ماکرۆن و لوپێن کەوتنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە 24ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.

شایانی باسە ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017دا، شکستی بە مارین لو پێن هێنا، بە بردنەوەی لە سەدا 66.1 دەنگی فەرەنسییەکان بوو بە گەنجترین سەرۆکی فەڕەنسا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG