Accessibility links

کرملین ئەو دەنگۆیانەی ئۆکرانیا سەبارەت بە کوشتنی خەڵکی سیڤیڵ ڕەتدەکاتەوە


کرملین ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بە شێوەیەکی توند هەر جۆرە تۆمەتێک لە پەیوەند بە کوشتنی خەڵکی سیڤیڵ لە شاری بوچای ئۆکرانیا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەو تۆمەتانەی ئۆکرانیا لەسەر ئەم بابەتە بانگەشەی دەکات دەبێت بە چاوێکی گوماناوییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند سەرقاڵی ڵێکۆڵینەوەن سەبارەت بە ئەگەری تاوانەکانی جەنگی هێزەکانی ڕووسیا، ئەمەش دوای دۆزینەوەی سەدان تەرم لە دەوروبەری شارۆچکەکانی دەرەوەی کیێڤی پایتەخت لە دوای کشانەوەی ڕووسیا لە ناوچەکەدا.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین لە کۆنفرانسێکدا بە پەیامنێرانی گوت "پێویستە ئەم زانیاریانە بە چاوێکی گوماناوییەوە سەیر بکرێن."

پێسکۆڤ گوتی "بە پێی ئەو شتەی ئێمە بینیومانە، شارەزایان و پسپۆڕەکانمان کاری ساختەکاریان لە ڤیدیۆکاندا دەستنیشان کردووە".

پێسکۆڤ هەروەها گوتی " ئێمە بە شێوەیەکی توند نکوڵی لە هەر جۆرە تۆمەتێک دەکەین".

گوتەبێژی کرملین گوتیشی " بێگومان دۆخەکە جددییە و داوا لە زۆرێک لە سەرکردە نێودەوڵەتییەکان دەکەین لە لێدوان و تۆمەتە بێبنەماکانیاندا پەلە نەکەن." گوتیشی "ئەوان با داوای زانیاری لە سەرچاوە جیاوازەکان بکەن و لانی کەم گوێ لە ڕوونکردنەوەکانی ئێمەش بگرن".

پێسکۆف گوتی دیپلۆماتەکانی ڕووسیا لە هەوڵدان بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی کە مۆسکۆ بە "وروژاندنی ئۆکرانیا" ناوی دەبات و گوتیشی هەنگاوەکانی ڕووسیا بۆ ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیە تاکو ئێستا سەری نەگرتوە.

گوتەبێژی کرملین گوتیشی "ئەم هەوڵانەی ڕووسیا بۆ ورووژاندنی ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئاماژەیە بەوەی کە خوودی مۆسکۆ خوازیاری تاوتوێکردنی ئەم پرسەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا."

دوای ئەوەی ڕووسیا هەندێک لە هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری کێیڤ کشاندەوە، سەرۆکی شارەوانی بوچا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری کیێڤەوە و لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە 300 دانیشتووی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون.

دادوەری گشتی ئۆکرانیاش ڕایگەیاندوە وڵاتەکەی وەکو بەشێک لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ڕووسیاوە، 410 تەرمی لە نزیک کیێڤ دۆزیوەتەوە و گوتیشی هەندێک لە شایەتحاڵان ئەوەندە ترساون کە ناتوانن قسە بکەن.

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ ڕایگەیاندوە ئەو وێنانەی کە لە شارۆچکەی بوچا و ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیاوە بڵاوکراونەتەوە " تۆقێنەرن " و بەڵێنیشی داوە ئەمەریکا ڕێوشوێنەکان لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.

ڕۆژی یەکشەممە ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی " کۆمەڵکوژی " لە شارۆچکەی بوچا. وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG