Accessibility links

چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدر بۆ نێو گۆڕەپانەکە بە دەستپێشخەری چاوەڕوان نەکراوەوە


موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، تۆپەکەی فڕێداوەتە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و ماوەی 40 ڕۆژی پێداون، تا بەبێ ئەو، حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنن، بەڵام پێناچێت هێزە شیعەکان لەپێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو بن، بۆیە چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدر دەکرێت بە دەستپێشخەری نوێ وە بۆ نێو ڕکابەرێتیەکە.

ڕەوتی سەدر کە لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە ڕێککەوتنی هەیە، هەوڵەکانی شکستی هێنا لە کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران و ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆیە گۆڕەپانەکەی بۆ ماوەی 40 ڕۆژ ڕادەستی هێزە شیعە ڕکابەرەکانی کرد و دەرفەتی پێدان ئەوان دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەنجام بدەن.

لەگەڵ پێدانی دەرفەت بە هێزە شیعە ڕکابەرەکانی و ڕەتکردنەوەی شەریکایەتیان، هەریەک لە عەرەربی سونە و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتیانکردەوە حکومەتی داهاتووی عێراق بێ ڕەوتی سەدر سەرکەوتووبێت، لەکاتێکدا هێزە شیعەکان هەموو هەوڵێکیان بۆ درزخستنە نێو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەیە.

سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق پێیوایە، لایەنە شیعە ڕکابەرەکان بەبێ ڕێککەوتن سەرکەوتوونابن، تەنانەت گەر سەرۆک کۆمار و حکومەتیش پێکبهێنن، چونکە ماوەی سەرکەوتنەکەیان ناگاتە 6 مانگ بۆ ساڵێک، دەڵێت"باشترین چارەسەر ڕێککەوتنە، ئەستەمیشە بتوانن ڕێکبکەون، بۆیە دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەڕوات، خزمەتگوزاری و پێدانی کارەبا کەمتر دەبێتەوە، خۆپیشاندان دەست پێدەکاتەوە و پەلاماردانی حکومەتی لێدەکەوێتەوە."

کشانەوەی سەدر لە پێکهێنانی حکومەت و پێدانی دەرفەت بە لایەنە شیعەکانی ڕکابەری، تێڕوانینی جیای دروستکردووە، بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ئەو هەنگاوەی سەدر پاشەکشەیە لە پێکهێنانی حکومەت و چۆڵکردنی گۆڕەپانەکەیە بۆ ڕکابەرەکانی، بەشێکی تر پێیانوایە سەدر دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە لاوازی ڕکابەرەکانی دەربخات و دواتر بە بەهێزی بگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانەکە.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، بەدەنگی ئەمەریکای وت"تویتەکەی سەدر مەغزای خۆی هەبوو، فیعلەن دەرفەتی دایە لایەنەکان و پێیوتن، فەرموون حکومەت بێ من پێکبهێنن، گەر نەیانتوانی، دەبێت ئەو بڕوایەیان لادروست ببێت، بێ سەدر ئیشەکان ناڕوات."

جەختیشیکردەوە"دەبێت لەکۆتاییدا بگەنە ڕێککەوتن و لەسەر خاڵە ناکۆکەکان ڕێبکەون."

هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کە لەئێستادا ڕەوتی سەدر بەشداری پێکردنیان لەحکومەت ڕەتدەکاتەوە، لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا، سەرووی دوو ملیۆن دەنگیان هێناوە، لەکاتێکدا سەدر بە سەرووی 800 هەزار دەنگەوە و بەسودوەرگرتن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەوان کورسی زیاتری هێناوە، بۆیە پشتگیری لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام بە ئاشکرا دەرینابڕن.

گەر تا ڕۆژی 6ی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق نەتوانێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، ئەوا عێراق دەکەوێتە بۆشایی دەستوریەوە، دەبێت دادگای فیدراڵی بڕیارێکی نوێ دەربکات و دەرەچەیەکی یاسایی بۆ قەیرانی عێراق بدۆزێتەوە، یاخود بڕیار لەسەر ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بدرێت، کە ئەمەیان هەنگاوێکی قورستترە.

سالار مەحمود ڕوونیکردەوە، سەدر بۆیە دەرفەتی پێکهێنانی حکومەتی دایە لایەنە ڕکابەرەکانی، چونکە دەزانێت ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، وتی"دوای مانگی ڕەمەزان، سەدر بێ دەنگ نابێت و بە ئۆبشنی تازە دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە تێکبشکێنن."

جەختیشیکردەوە"ڕەنگە دوای ڕەمەزان، سەدر بەدەستپێشخەری چاوەڕوان نەکراوەوە بگەڕێتەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، یاخود حکومەت جێدەهێڵێ و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن."

XS
SM
MD
LG