Accessibility links

د.مەحمود عوسمان:پێم باشە کورد واز لە پۆستی سەرۆک کۆمار بهێنێت،ئەو پۆستە هیچ سودێکی بۆ کورد نەبووە، ناوی زل و دێی وێرانە


د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد
د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

دکتۆر مەحمود عوسمان چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری خولی پێشوتری عێراق دەڵێت“ دە ساڵە پێم باشە کورد واز لە پۆستی سەرۆک کۆمار بهێنێت، چونکە ئەو پۆستە هیچ سودێکی بۆ کورد نەبووە، تەنها ناوی زل و دێی وێرانە ئەو پۆستە بۆ کورد، دەشڵێت“هەموو کەس ئەو پرسیارەی هەیە، کە بۆچی پارتی و یەکێتی ئەو شەرە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن کە هیچ ناهێنێت تا ئەو شەڕەی لەسەر بکەن! “

“ مناڵیش ئەوە دەزانێت، کە دەبێت کورد یەکگرتوو بێت “

لە سەرەتای قسەکانیدا د.مەحمود عوسمان وتی“ کورد دەبێت یەکگرتوو بێت، هەموو جارێک ئەوە دەڵێین و دەڵێینەوە، مناڵیش ئەوە دەزانێت، دەبێت کورد یەکگرتوو بێت بەرگری لە قەزییە گشتیەکە و مافی کورد بکەن، نەک هەرکەسە و بەلای حیزبی خۆیدا ڕایبکێشێت، ئەوەیە ئەساسەکە، بەڵام کورد وانیە ئێستا، یەکێکییان بەلای سەدردا و ئەوی ترییان بەلای لایەکەی تردا، هەڵەیە ئەو شتە زیانیشە. “

“هەر لایەنێک پەیوەندی بە کوردەوە کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت قسەی لەگەڵ بکات و داواکاری خۆی پێشکەش بکات “

ڕۆژی پێنج شەممە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە عێراق ڕایگەیاند“ ماوەی چل ڕۆژ دەداتە هەموو لایەن سیاسیەکان دەست بکەن بە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی( بەبێ کوتلەی سەدری) ، بەڵام هەر زوو هەردوو لایەنی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و سوننەکانی هاوپەیمانی سەدر، ڕەتییان کردەوە بە بێ لایەنی سەدری بەشداری گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بکەن. “

سەبارەت بەوەی ئایا پێت وایە ئەو بڕیارەی لایەنی کوردی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بڕیارێکی دروستە کە بە بێ لایەنی سەدری بەشداری پێکهێنانی حکومەت نەکەن؟

لە وەڵامدا د.مەحمود عوسمان وتی“ من نازانم ڕێککەوتنیان چۆنە، نازانم تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنەی پارتی لەگەڵ سەدر نوسراوە یا چۆنە؟ ئیلتیزاماتیان چۆنە؟ بێگومان دەست بکەن بە گفتوگۆ باشترە، بەڵام هەوڵبدرێت هەموو لایەکی تێدا بێت باشترە، واتە سەدریشی تێدا بێت باشترە، بەڵام ئێستا سەدر دەڵێت، ئێمە تا دوای جەژنی ڕەمەزان نە قسە دەکەین، نە پەیوەندی دەکەین، شتێکی سەیرە، تەبیعەتی عەجایەبە لەگەڵ سیاسەت ناگونجێت، نازانرێت چی دەکەن، بەڵام بە بۆچونی من هەر لایەنێک پەیوەندی بە کوردەوە کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت قسەی لەگەڵ بکات و داواکاری خۆی پێشکەش بکات، باشتریشە ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت بەیەکەوە ئەوە بکەن، ئەوە زۆرباشترە بۆ کورد وەک لەوەی بەجیابن چونکە ئەوە نەک باش نیە بەڵکو زیانیشە. “

“ ئەمە تاکتیکی سەدر خۆیەتی، بۆ خۆ بەهێز کردن “

هەرچەندە لە پێشتر لە ساڵی ڕابردوو موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، کوتلەکەی بەشداری هەڵبژاردنی پێش وەختە لە عێراقدا ناکات، بەڵام دواتر پاشگەزبووە و بەشداری کرد توانی لەسەر ئاستی لایەنەکان زۆرترین کورسی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێت. “

بە بڕوای د.مەحمود عوسمان دوور نیە هەڵوێستی ئەمجارەی سەدر هاوشێوەی ئەو هەڵوێستە نەبێت و پەشیمان ببێتەوە لەو بڕیارەی، لەو ڕووەوە د.محمود عوسمان وتی“ هیچ دوور نیە، ئەو جۆرە هەڵوێستانەی هەیە، بۆ نمونە هەڵوێستێک وەردەگرێت، دواتر کە لایەنەکان داوای لێدەکەن وانەبێت و بێتە پێشەوە و بەشداری بکات، تۆزێک بەو هەڵوێستانە خۆی بەهێز دەکات و دواتر دێتەوە، ئەمەش هەر شتێکە لەو بابەتە، بۆ نمونە ئەم خۆی دوور خستۆتەوە لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت، ڕەنگە هەموو لە لایەنەکان داوای لێبکەن و بڵێن بگەڕێرەوە، ئیتر بۆ ئەوەی ئەویش خۆی بەهێز بکات و گرنگی بدات بەخۆی، ئەو شتانە دەکات، موفاجەئاتە، بە بۆچونی من لە سیاسەتدا ئەو شتانە باش نیە، بەڵام ئیتر ئەوە سەدرە، جەماعەتەکەشی هەموی بێدەنگن، گفتوگۆ ناکەن، سەدر هەرچی وت هەر ئەوەیە، لەبەر ئەوە دۆخێکی تایبەتی و نامەعقولە بەڵام ئیتر ئەوە عێراقە. “

“ئەمە تاکتیکی سەدر خۆیەتی، بۆ خۆ بەهێز کردن. “ د.مەحمود عوسمان وایوت“

“ بڕیاری عەنتیکە عەنتیکە و سەیر دەدەن “

د.مەحمود عوسمان پێشبینی ئەوەشی کرد، دۆخی عێراق بەرەو خراپتر بچێت، وتیشی“ئەوەتا شەش مانگە هەڵبژاردن کراوە، کۆبونەوەیەکیان پێناکرێت، هەر یەکە و بەلایەکدایە، هەتا دادگای فیدراڵیش زیاتر بەلای چوارچێوەی هەماهەنگییە، بڕیاری عەنتیکە عەنتیکە و سەیر دەدەن، جیهانی دەرەوەش ئێستا گرنگی بە دۆخی عێراق نادات، زۆر کەمبۆتەوە گرنگی پێدان، بێگومان دۆخی عێراق بەرە و خراپتر دەڕوات، ئەگەرچی وڵاتێکی نەوتیە، بەس هەر بۆ نمونە تا ئێستا نەیانتوانیووە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022 بنێرن بۆ پەرلەمان، پەرلەمان بێ ئیشە دانیشتووە چاوەڕێی ئەو سەرکردانە دەکات، کوردەکان دژی یەکترن، شیعەکان دژی یەکترن، سوننەکانیش لەناو خۆیاندا یەک نین، دۆخێکی نالەبارە بەڕاستی. “

“ دە ساڵ پێش ئێستا لە 2012 وە وتومە، کورد واز لەو پۆستە بهێنێت“

د.مەحمود عوسمان پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی بە “زۆر زەحمەت“ وەسف کرد و وتی“ پێویستە سەرەتا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەویش کەسێک ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینی نوێی حکومەت، بەڵام ئەوەتا ڕێژەی یاسایی کۆبونەوەکی پەرلەمانیان بۆ تەواو ناکرێت، ئەمەش گرفتە بە بێ ڕێککەوتنی شیعە و شیعە، یا کورد و کورد ناکرێت، ڕەنگە دواجار وای لێبێت بڵێن با هەڵبژاردن بکەینەوە، کە ئەوەش کێشەیەکە بۆ خۆی. “

د.مەحمود عوسمان بۆچونی خۆی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ کوردەکان ڕاگەیاند، و وتی“ دەمێکە من وتومە دە ساڵ پێش ئێستا لە 2012 وە وتومە، کورد واز لەو پۆستە بهێنێت باشە، چونکە هیچ دەسەڵاتی نیە، تەنها ناوە، “تەنها ناوێکی زل و دێی وێرانە“ هیچ نیە ئەو پۆستە(پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق) کاتێک لە دەرەوە ئەجنەبییەک دەبینین کە پێی دەڵێیت، شەریک نیم لە عێراقدا، پێت دەڵێت“ چۆن شەریک نیە، تۆ سەرۆک کۆمارت هەیە، سەرۆک ئەرکانت هەیە(کە جاران بابەکر زێباری) سەرۆکی بوو، هیچ دەسەڵاتی نەبوو، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوەت هەیە، چۆن شەریک نیت! “ خۆ هەمووی ناوە ئەو پۆستانە، دەسەڵاتی ئەسڵی لای شیعەکانە، بۆیە بە بۆچونی من پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ سودێکی نەبووە بۆ کورد تەنها ناوی گەورەیە و هیچی تر، مادام هیچ دەسەڵات و سودی نەبووە، بە بۆچونی من سەرۆکی پەرلەمان ڕەنگە بیتوانیایە سودێکی هەبێت بۆ کورد. “

وتیشی“ هەموو کەس ئەو پرسیارەی هەیە، کە بۆچی پارتی و یەکێتی ئەو شەرە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن کە هیچ ناهێنێت تا ئەو شەڕەی لەسەر بکەن! “

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:50 0:00



XS
SM
MD
LG