Accessibility links

لە مەکسیک 19 کەس لە ڕووداوێکی تەقەکردندا دەکوژرێن


نوسینگەی داواکاری گشتی مەکسیک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە 19 کەس ڕۆژی یەکشەممە لە ناوەندی مەکسیک تەقەیان لێکراوە و کوژراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە دەوروبەری کاتژمێر 10:30ی شەو پاش ئەوەی ئاگادارکرانەوە خۆیان گەیاندووەتە شوێنی ڕووداوەکە لە شارۆچکەی لاس تیناجاس لە ویلایەتی میچواکان.

نوسینگەکە دەشڵێت "19 تەرم دۆزراونەتەوە کە16 یان پیاون و سێ یان ژنن و شوێنەواری گولە بە جەستەیانەوە دیارە."

بەیاننامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئۆفیسی سکرتێری ئاسایشی گشتی میچواکان لە تویتەردا ڕایگەیاندووە کە "دەسەڵاتدارانی فیدراڵی کار بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە بەرپرسیارن لە کارە توندوتیژەکاندا."

بەڵام دەسەڵاتداران هۆکاری تەقەکردنەکەیان باس نەکردووە و وردەکاری زۆرتریان لەو ڕووەوە نەخستوەتە ڕوو.

میچواکان گەورەترین ناوچەی بەرهەمهێنانی ئاڤۆکادۆی جیهانە و مانگی ڕابردووش بە هۆی هەڕەشە کردن لە دژی پشکنەرێکی ئەمەریکی کە لەوێ کاری دەکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک هاوردەکردنی ئەو میوەیەی لە مەکسیکەوە بۆ ناو وڵاتەکەی ڕاگرت.

هەروەها مانگی ڕابردوو هێرشێکی چەکداری دیکە لە مەکسیک لە ئەنجامی ناکۆکیەکی نێوان بازرگانەکانی مادە هۆشبەرەکاندا 17 کەس کوژراون.

مەکسیک لە ساڵی 2006 ەوە کە حکومەت ئۆپەراسیۆنێکی دژی مادە هۆشبەرەکان لەگەڵ هێزی فیدڕاڵی دەستپێکردووە، ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زۆر بووەتەوە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە 340 هەزار کوشتن ڕوویداوە کە زۆربەیان بە هۆی ناکۆکی و شەڕی نێوان تاوانبارانەوە ڕوویداوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG