Accessibility links

سەرۆکی شارەوانی ئێرپن دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا دووبارە کۆنتڕۆڵی شارەکەیان گرتووەتەوە دەست


سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی ئێرپن لە نزیک کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئۆکرانیا بە تەواوی جارێکیتر دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووەتەوە.

ئەلکساندەر مارکوشێن، سەرۆکی شارەوانی ئێرپن کە یەکێک بووە لە خاڵە سەرەکییەکانی پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا لە نزیک پایتەختی ئۆکرانیا، لە پۆستێکی ڤیدیۆییدا لەسەر تێلێگرام گوتی "ئەمڕۆ هەواڵی باشمان پێیە و شاری ئێرپین ئازاد کرا." ئەو گوتیشی "ئێمە دەزانین هێرشی زیاتر دەکرێتە سەر شارەکەمان و قارەمانانە بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، کە هەواڵەکەی بڵاوکردوەتەوە دەڵێت ناتوانێت ڕاستی هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە.

شایانی باسە کە بەرپرسانی ئەمەریکا و بەریتانیا پێشتر ڕایانگەیاندووە کە داگیرکردنی کیێڤ ئامانجی سەرەکی مۆسکۆیە.

بەپێی راپۆرتەکان هێزەکانی ڕووسیا بە شێوەیەکی چڕ و زۆر لە ڕێگای هێزە ئاسمانی و تۆپخانەکانیانەوە دەستیان داوەتە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا لە نزیک کیێف.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG