Accessibility links

پێشکەشکارێکی بەناوبانگی ئەفغانی لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیردەکرێت


یەکێک لە پێشکەشکارە هەرە بەناوبانگەکانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر کراوە بەهۆی ئەوەی ڕایگەیاندووە پەخشکردنی دراما بیانییەکان لە تەلەفیزیۆنە خۆجێهییەکانەوە قەدەغەکراوە.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دابەزینی ئاستی ئازادی میدیا و زیادبوونی هێرشەکان بۆسەر ڕۆژنامەوانان لەو کاتەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە ئەفغانستان، شەرمەزار دەکەن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای کۆتاییهاتن بە " ترساندن و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەوانان" دەکات.

تۆلۆنیوز تۆڕی تەلەفیزیۆنی سەربەخۆ، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند پێشکەشکار بەهرام ئەمان ئێوارەی پێنجشەممە لە ئۆفیسی کەناڵەکە لەگەڵ خپولواک ساپایی بەڕێوەبەری هەواڵ و ڕاوێژکاری یاسایی نافی خاڵق دەستگیرکراون.

تۆلۆنیوز لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت " ئەو سێ کەسە بەهۆی ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دەسەڵاتداران زنجیرە دراما بیانییەکانیان قەدەغە کردووە، دەستگیرکران."

سپایی و خاڵق پاشان لە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ئازاد کران.

خزمێکی نزیکی ئەمان بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی گوت " تەواوی بنەماڵەکەمان نیگەرانن". هەروەها گوتوشیەتی " پێشتر هەڕەشەیان لێکردبوو ."

ڕاپۆرتەکان لەسەر دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە کاردانەوەی توندی لەلایەن ئەرکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان لێکەوتەوە. ڕێکخراوەکە لە تویتێکدا دەڵێت " نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هەموو ئەو کەسانە ئازادبکرێن کەلەلایەن چەکدارەکانەوە براون و کۆتایی بە ترساندن و هەڕەشەی دژ بە ڕۆژنامەوانان و میدیای سەربەخۆ بهێنن."

XS
SM
MD
LG