Accessibility links

ئۆکرانیا هێزە ئاشتی پارێزەکانی و کەرەستەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی


بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ئۆکرانیا سەرباز و کەلوپەلەکانی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئۆکرانیا، ئەو هەلیکۆپتەرانەش دەگەرێتەوە کە بەشدارن لە ئەرکی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئافریکا و ئەوروپا لە پێناو بەهێزکردنی بەرگری وڵاتەکەی دژی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا.

سوپای ڕووسیا نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا هێرشی داگیرکارییان کردە سەر ئۆکرانیا، شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە بۆردومان دەکەن و گەمارۆیان داون، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن بە ناچاری هەڵاتوون.

میدیاکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند؛ ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی سەرۆک ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە بڕیارێکی سەرۆکایەتی واژۆ کردووە بۆ کشانەوەی هەموو هێزە ئاشتی پارێزەکانی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو یارمەتیدانی توانستەکانی جەنگ لە وڵاتەکەی.

ئۆکرانیا بە نزیکەی 300 سەرباز و ئەفسەری پۆلیس و کرێکار بەشداری دەکات لە شەش ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی کردارەکانی ئاشتی پارێزی لە سەرانسەری جیهاندا دەگۆڕێت.

وتەبێژێک بە ناوی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو جێبەجێکردنی سەقامگیری لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ناسراو بە مۆنۆسکۆ ڕایگەیاند کە گەورەترین بەشداری ئۆکرانیا لە ئەرکی ئاشتی پارێزی لە کۆنگۆی دیموکراتدا بریتیە لە هەشت هەلیکۆپتەری ئۆکرانی و دەستەیەکی فرۆکەوانی کە پێکهاتوون لە 250 ئەندام.

وتەبێژەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئێمە لە ئۆکرانیاوە ئاگادار کراوینەتەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی کەلوپەل و هاوکارییەکانیان بۆ ئاشتی پارێزی.هەروەها گوتیشی سەرجەم نوێنەرەکانیشیان دەگەرێتەوە کە ئۆکرانیا تیایاندا بەشدارە.

ئاماژەشی بەوە کرد لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی ئەو پاشەکشەیە دەکەین کە چەند کاریگەری دەبێت لەسەر ئەرکەکانمان و چۆن دەتوانین کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆکرانیا بە دەیان ئەفسەری پۆلیس و کارمەندی دیکەی هەیە کە بەشداری لە ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لە مالی، باشوری سودان ، سودان ، قوبڕس و کۆسۆڤۆ.

هەزاران هاوڵاتی ئۆکرانی و خۆبەخشی بیانی چوونەتە ناو شەڕەکەوە و وڵاتانی ڕۆژئاواش پێداویستیان بۆ دابیندەکات، بەڵام توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا بە بەراورد لەگەڵ دراوسێ زەبەلاحەکەی واتە ڕووسیا بەردەوام لە کەمبوونەوەدان.

ئەرکی مسۆگەرکردنی سەقامگیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگۆی دیموکرات بریتییە لە نزیکەی 12,000 سەرباز، کە زۆربەیان لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە کە دەوڵەمەندن بە کانزاکان لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ، کە لەوێ دەیان هێزی میلیشیا شەڕ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی زەوی و سەرچاوەکان.

ئەرکی مسۆگەرکردنی سەقامگیری نەتەوە یەکگرتووەکان مۆنۆسکۆ ڕایگەیاند هەلیکۆپتەرەکانی ئۆکرانیا لە شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی جوما، بونیا، بوکاڤۆ و بێنی جێگیر کرابوون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG