Accessibility links

ئۆکرانیا هەوڵێکی نوێ دەدات بۆ هێنانە دەرەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی ئۆکرانیا


جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئایرینا ڤێرێشچینکۆ وتی ڕۆژی چوارشەممە ئۆکرانیا هەوڵ دەدات لەڕێی " شەش ڕێڕەوی مرۆییەوە " هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی ئۆکرانیا بهێنێتە دەرەوە، لەوانەش شاری ماریوپۆڵ کە لە ئێستادا گەمارۆدراوە.

لە بەیاننامەیەکدا ڤێرێشچینکۆ وتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕازیبوون لە کاتژمێر 9 ی بەیانییەوە تاوەکو 9 ی ئێوارە شەڕ ڕابگرن، هەروەها داواشی لە هێزەکانی ڕووسیا کرد پابەند بن بە ئاگربەستە ناوخۆییەکەوە.

وتیشی ئەو ڕێڕەوانەی کە دەکرێنەوە بەم شێوەیە دەبن: لە ماریوپۆڵەوە بۆ زاپۆریژا، لە ئینەرهۆدارەوە بۆ زاپۆریژا، لە سومییەوە بۆ پۆڵتاڤا، لە ئیزیومەوە بۆ لۆزۆڤا، لە ڤۆلنۆڤاخاوە بۆ پۆکرۆڤسک، هەروەها لە کۆمەڵێک شارۆچکەی دەوروبەری کیێڤەوە بۆ کیێڤ، ئەو شارۆچکانەش برینتین لە ڤۆرزێڵ و بۆرۆدیانکا و بوچا و ئیرپین و هۆستۆمێل.

ڤێرێشچینکۆ وتی " داوا لە فیدراسیۆنی ڕووسیا دەکەم پابەند بن بە بەڵێنەکانتانەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کاتژمێر 9 ی بەیانییەوە بۆ 9 ی ئێوارە. پێشتر ئەزموونی نەرێنیمان هەبووە کاتێک بەڵێنتان داوە و بەڵێنەکانتان جێبەجێ نەکردووە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵە شکستخواردووەکانی پێشتر بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی پارێزراو بۆ هێنانە دەرەوەی ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانەی کە گیرییان خواردووە. هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کردووە بەوەی پابەندی ئاگربەست نەبوون.

فەرمانڕەوای شاری سومی لە ماوەی ڕابردوودا وتی نزیکەی 5000 کەس توانیویانە لەڕێی ڕێڕەوە مرۆییەکەوە لە سومی دەربچن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG