Accessibility links

کرملن: پوتن لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەی لەسەر ڕێگاکانی کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکان کۆدەبێتەوە


کرملن لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند ڤلادیمر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەی کۆدەبنەوە و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەش ڕێوشوێن دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکان لەسەر ئابووری ڕووسیا.

شیانی باسە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا بەهۆی ئەو هێرشەی لە دژی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی کە زۆربەیان ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە هاوردەکردنی سوتەمەنی و هەناردەکانی دیکەی وزەی ڕووسیای قەدەغە کرد، ئەمەش کاریگەری دەبێت بەسەر ئابووری ڕووسیاوە، هەروەها ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای کەمەرشکێنی سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا کە ئابووری و سیستمی دارایی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج.

سەرۆک بایدن ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەشێ نرخی سوتەمەنی بەرزتر ببێتەوە، بەڵام بەڵێنی دا ئەوەی لە دەسەڵاتیدا بێت بیکات بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی ئەمەریکا کەمتر بکاتەوە.

ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕووسیاوە هاوردە کردووە.

سەرچاوە ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG