Accessibility links

سەرکردەکانی ئۆکرانیا هەفتەیەک پاش داگیرکاری ڕووسیا زیاتر متمانەیان بە خۆیان هەیە


هەفتەیەک لە داگیرکاری ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە تێدەپەڕێت و لەم ماوەیەدا هێزەکانی ڕووسیا شارە گەورەکانی ئەو وڵاتەیەیان تۆپباران کردووە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بە هۆی شەڕەکەوە لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون لە 1 ملیۆن کەس تێپەڕبووە.

سەرەرای هێرش و پەلامارەکانی ڕووسیا بۆ سەر خارکیڤ و چەرنیهیڤ و ماریۆپۆل، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هەموو ئەو شوێنانە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆکرانیا ماونەتەوە.

بارودۆخی شاری خەرسۆن لەگەڵ ئەوەدا کە سەربازە ڕووسیەکانی تێدا دەبینرێت، بەڵام هێشتا ناڕوونە و دیار نییە لە کۆنترۆڵی خوودی ئۆکرانیادایە یان هێزەکانی ڕووسیا.

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرەتای پێنجشەممە لە لێدوانێکی ڤیدیۆیدا گوتی "ئێمە ئەو کەسانەین کە لە هەفتەیەکدا پیلانەکانی دوژمنمان تێکشکاندووە، ئەوان لێرە ئاشتی و ئارامی نابینن، ئەوان هیچ خواردنێکیان بۆ نەماوەتەوە و ساتێک ئارامی نابینن."

ئۆڵێکسی ڕێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا کە پێش دەستپێکردنی داگیرکاری ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات ڕووسیا بە خێرایی ئۆکراینا بگرێت، لە فەیسبووک نوسیویەتی "هیچ کەسێک، نە لە ڕووسیا و نە لە ڕۆژئاوا، لەو باوەڕەدا نەبوون ئێمە هەفتەیەک بتوانین بەرگە بگرین و بەردەوام بین." ئەو گوتیشی "لە کاتێکدا کە کێشەی زۆرمان لە پێشدایە بەڵام ئۆکرانیا هەموو هۆکارێکی هەیە بۆ ئەوەی متمانەی بە خۆی بێت."

چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممەش دووهەم خولی گفتوگۆی ئاشتی نێوان هەردوولای بەڕێوەبچێت، هەرچەندە پێناچێت پێشکەوتنێک لەو گفتوگۆیانەدا بێتە ئاراوە و بەرهەمی کۆبوونەوەی یەکەمی ڕۆژی دووشەممەیان تەنها پلان بوو بۆ گفتووگۆی زیاتر.

سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە بە پەیامنێرانی گوت هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیا و گوتی ڕێگە نادەن دراوسێکەیان هەڕەشەی سەربازی بێت بۆ سەر ڕووسیا.

ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی دەرگای ئەمەریکا بە کراوەیی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ دۆخەکە دەمێنێتەوە و گوتیشی بەڵام پێویستە ڕووسیا سەرەتا هەنگاو بۆ نەمانی گرژییەکان هەڵگرێت.

بلیکن ڕۆژی چوارشەممە بەڕۆژنامەنووسانی گوت "سەرکەوتنی دیپلۆماسی کاتێک چەکەکان تەقە دەکەن و تانکەکان دەسوڕێنەوە، زۆر قورسە."

بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە گەشت دەکات بۆ ئەوروپا بۆ زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانی تر سەبارەت بە وەڵامدانەوەیان بۆ داگیرکاریی ڕووسیا.

وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ ڕۆژی هەینی لەبرۆکسل کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکەن و ڕۆژی شەممەش بلینکن گەشت دەکات بۆ پۆڵەندا بۆ تاوتوێکردنی یارمەتی زیاتری ئەمنی و مرۆیی بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی کە لەئۆکرانیا هەڵهاتوون.

بەگوێرەی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پۆڵەندا نیوەی زیاتر لەو 1 ملیۆن ئۆکرانییەی کە ئاوارە بوون، لە خۆ گرتوە و دەشڵێت پێشبینی دەکرێت 4 ملیۆن کەسی تر بەهۆی ئەو شەڕەوە ئۆکرانیا بەجێبهێڵن.

ئاژانسی فریاکەوتنی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بە هۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە تاکو ئێستا زیاتر لە 2000 کەس لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش یەکەم ڕاپۆرتی خۆی لەسەر زیانی گیانی و برینداربوونی هێزەکانی ڕاگەیاندوە و دەڵێت 498 سەربازی لە ئۆکرانیا کوژراون و زیاتر لە 1500ی دیکەش بریندار بوون.

پنتاگۆن ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە هێزەکانی ڕووسیا زیاتر لە ئامانجەکەیان شەڕانگێزی دەکەن و هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە.

بلینکن ڕۆژی چوارشەممە گوتی ویلایەتە یەکگرتووەکان سزای زۆرتر بەسەر کەرتی بەرگری ڕووسیادا دەسەپێنێت.

بلینکن لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "بە گشتی22 قەوارەی پەیوەندیدار بە بەرگری ڕووسیا دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی سزا بخرێتە سەریان، لەوانە ئەو کۆمپانیایانەی کە فڕۆکەی جەنگی و ئۆتۆمبێلی جەنگی پیادە، مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی جەنگی ئەلکترۆنی دروست دەکەن."

XS
SM
MD
LG