Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت کاروانە سەربازییە گەورەکەی ڕووسیا پێشڕەوییەکی زۆر کەمی بەرەو کیێڤ کردووە


دەزگای هەواڵگری سەربازیی بەڕیتانیا دەڵێت کاروانە سەربازییەکەی ڕووسیا کە بەرەو کیێڤ دەجوڵێت پێشڕەوییەکی زۆر کەمی کردووە و هێزەکانی ئۆکرانیا هێشتا لە خارکیڤ و کۆمەڵێک شاری دیکەدا بەرگری دەکەن. ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی مۆسکۆ بانگەشەی ئەوەی کرد بەندەری خێرسۆنی سەر دەریای ڕەشی کۆنتڕۆڵکردووە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا لە زاری هەواڵگری وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە " کاروانە سەربازییەکەی ڕووسیا کە بەرەو کیێڤ دەجوڵێن هێشتا زیاتر لە 30 کیلۆمەتر لە ناوەڕاستی کیێڤەوە دوورن، بەهۆی بەرگرییە بەهێزەکەی ئۆکرانییەکانەوە ڕاگیراون، هەروەها ڕووبەڕووی کێشەی میکانیکی و جەنجاڵی بوونەتەوە."

وتیشی " کاروانەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژە پێشڕەوییەکی زۆر کەمی کردووە. سەرەڕای بۆردومانە چڕەکانی ڕووسیا، شارەکانی خارکیڤ و چێنیهیڤ و ماریپۆڵ هێشتا لەژێر دەستی ئۆکرانییەکاندان."

لە شارۆچکەی بۆرۆدیانکا کە باکووری ڕۆژئاوای کیێڤەوە و 58 کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە، دانیشتوانی شارۆچکەکە باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیان کرد لەگەڵ دوژمندا، لەکاتێکدا بۆردومانەکانی ڕووسیا زیانی گەیاندووە بە بیناکان و ئاگر لەسەر شەقامەکان کەوتۆتەوە و ئوتومبێلە سەربازییەکان تێکشکێندراون.

پیاوێکی ئۆکرانی وتی " سوپای ڕووسیا لە ئوتومبێلە سەربازییەکانیانەوە دەستیان کرد بە تەقە کردن، تەقەیان بە ئاڕاستەی پارکێک دەکرد لەبەردەم ئۆفیسی پۆستەکان لە ناوەڕاستی بۆرۆدیانکا."

وتی " دواتر تانکەکانیان ئیش پێکرد و دەستیان کرد بە تەقەکردن بەناو فۆرادا کە سوپەر مارکێتێکە و پێشتر سوتێندراوە. دووبارە ئاگری تێبەربۆوە."

وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای ئابووری توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا. هەروەها بەردەوام چەکیش دەدەن بە ئۆکرانیا.

کۆنتڕۆڵکردنی خێرسۆن لەلایەن ڕووسەکانەوە کە دەکەوێتە سەر دەمی ڕووباری دنیپرۆ، یەکەم گرنگترین شوێن دەبێت کە بکەوێتە ژێر دەستی مۆسکۆوە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەوە.

سەرۆکی شارەوانی خێرسۆن ئیگۆر کۆلیخایڤ وتی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر شەقامەکان بوون و چوونەتە ناو بارەگای ئەنجومەنەوە.

وتی " هیچ بەڵێنێکم نەداونەتێ، تەنها داوام لێکردوون تەقە لە خەڵکەکە نەکەن."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە پوتن و حکومەتی ڕووسیا کرد " بەزووترین کات ئەم خوێنڕشتنە ڕابگرێت " و هێزەکانی لە ناو ئۆکرانیادا بکشێنێتەوە. هەروەها مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " هەڵگیرساندنی جەنگێکی تەواو دژی ئازادی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە ئامانج لێی ئەوەیە ڕێگە نەدات ڕووسییەکان هەواڵەکان لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا ببیستن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG