Accessibility links

تورکیا دەڵێت ڕووسیا داواکارییەکەی بۆ ناردنی چوار کەشتی جەنگی لە ڕێگای تەنگەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل هەڵوەشاندەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ گوتی ڕووسیا داواکارییەکەی بۆ ناردنی چوار کەشتی جەنگی لە ڕێگای تەنگەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل هەڵوەشاندووەتەوە، گوتیشی بڕیارەکە پێش داخستنی تەنگەکان بووە لەلایەن ئەنکەرەوە.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیە.

لە ژێر پەیماننامەی مۆنترۆی ساڵی 1936 دا، ڕۆژی دووشەممە تورکیا ڕایگەیاند تەنگەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل بە ڕووی کەشتییە جەنگییەکاندا دادەخات.

چاوش ئۆغلۆ درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە بە بێژەری کەناڵی (خەبەرتۆرک)ی ڕاگەیاند کە تورکیا پێش ئەوەی هێرشەکەی مۆسکۆ بە "شەڕ" ناودێر بکات، داوای لە ڕووسیا کردبوو کەشتییەکانی لە ڕێگا ئاوییەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیاوە نەگوازێتەوە.

چاوش ئۆغلۆ گوتیشی "ڕووسیا گوتویەتی چوار کەشتییەکەی لە 27-28ی مانگی 2 لە تەنگەکان دەپەڕنەوە، کە سێ لەو کەشتیانە ناویان لە بنکەکانی دەریای ڕەشدا تۆمار نەکرابوون، ئێمەش بە ڕووسیامان ڕاگەیاند کە کەشتیەکان نەنێرن، ڕووسیاش لە داواکەی خۆی پاشگەز بوویەوە."

ئەو گوتیشی "نابێت هیچ کەسێک بەم کارە بڕەنجێت، چونکە پەیماننامەی مۆنترو بۆ ئەمڕۆ، دوێنێ و سبەینێە، بۆیە ئێمەش جێبەجێی دەکەین."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سوپاسگوزاریی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو هەنگاوەی تورکیا بۆ داخستنی ئەو تەنگانە، هەروەها باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەنکەرە گوتی کیێڤ سوپاسگوزاری تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیمانە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG