Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: میژووی دەینووسێتەوە شەڕی پوتن لە دژی ئۆکرانیا ڕووسیای لاوازکرد و جیهانی بەهێز کرد


سەرۆکی ئەمەریکا وتاری ساڵانەی خۆی بە پرسی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپـێکرد و جەختی کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی سزای توند بەسەر مۆسکۆ لە بەرامبەر خواستی ڕووسیا بۆ کۆنترڵکردنی ئۆکرانیا.

جۆو بایدن شەوی سێشەممە لە یەکەم وتاری ساڵانەی وەک سەرۆکی ئەمەریکا تەنیا باسی لە ئۆکرانیا کرد وەک بابەتێکی دەرەکی، بەڵام پرسە ناوخۆیـیەکانی وڵاتەکە کرۆکی وتارەکەی بوون، لەوانە کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا لە وڵاتەکە و دروستبوونی زیاتر لە 6.5 ملیۆن هەلی کار تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو.

سەرۆک بایدن لەم وتارەیدا بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە وتاری ساڵانە پـێشکەش بکات و لە پشتەوەی دوو خانم هەبن کە یەکێکیان لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە و ئەوی دیکەیان جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە بۆخۆشی سەرۆک ئەنجومەنی سیناتە.


خانم ئۆکسانا مارکارۆڤا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا کە میوانداری کرابوو، بە هەستانە سەر پێ و چەپڵەلێدانەوە پـێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیـیەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی دەردەبڕی.

سەرۆک بایدن وتی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بە هەڵەداچووبوو وە پێی وابوو جیهان بێ دەنگ دەبێت لە ئاست هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، بەڵام نەیدەزانی ڕووبەڕووی کاردانەوەیەک دەبێتەوە کە هەرگیز بە هزریدا نەهاتووە. وتیشی خەڵکی ئۆکرانیاش لە سەرۆک ڤلۆدیمیر زێلێنسکیـیەوە هەتا هەر تاکێکی ئۆکرانی بوێرانە ڕووبەڕووی ڕووسیا بوونەوە، خەڵکی بە جەستەیان لە بەرامبەر تانکەکانی ڕووسیا وەستانەوە، لە خوێندکارەوە هەتا مامۆستای خانەنشین چەکیان هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان.

پاشان سەرۆک بایدن داوای لە ئامادەبووان کرد هەستنە سەر پێ و پیشانی بدەن ئەمەریکا لە پاڵ خەڵکی ئۆکرانیایە.


سەبارەت بە سزاکانی سەر ڕووسیا، جۆو بایدن وتی وڵاتانی ئەوروپا بە سویسراشەوە لەگەڵ ژاپۆن و ئوسترالیا و کۆریای باشور و نیوزیلاندا و چەندان وڵاتی دیکە سزایان سەپاندووە بەسەر ڕووسیا. ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سزای توند بەسەر مۆسکۆ دەسەپێنێت.

باسی لەوەش کرد ڤلادیمیر پوتن ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیرکراوە.

وتیشی ڕەنگە پوتن بە تانک چواردەوری کیێڤی پایتەخت بگرێت، بەڵام هەرگیز دڵ و گیانی خەڵکی ئۆکرانیا بەدەست ناهێنێت. هەروەها وتی لەوانەیە لە گۆڕەپانی شەڕ هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژخایەن باجێکی گەورە دەدات.

سەرۆک بایدن ئاماژەی بۆ ئەو هاوکاریانەش کرد کە پـێشکەشی ئۆکرانیـیەکان دەکرێت، وتی ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پشتیوانی لەگەڵ ئۆکرانیـیەکان دەکات لە خەباتیان لە پێناو ئازادی، ئەمەش بە ڕێگەی یارمەتی لەشکری، ئابوری، کۆمەکی مرۆیی. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەمەریکا ڕاستەوخۆ زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەک یارمەتی پـێشکەشی ئۆکرانیای دەکات.

دووپاتیکردەوە هێزی لەشکری ئەمەریکا ناچێتە ناو شەڕەکەوە، بەڵام ئەگەربێت و پوتن زیاتر بەرەوە ڕۆژئاوا بڕوات ئەوا ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بە توندی بەرگری لە هەر بستە خاکێکی وڵاتانی ناتۆ دەکەن.

XS
SM
MD
LG