Accessibility links

ژاپۆن سزا بەسەر سەرۆکی بێلاڕووسیا و بانکی ناوەندی ڕووسیادا دەسەپێنێت


فومیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕۆژی دووشەممە گوتی ژاپۆن سزا بەسەر ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلارووسیادا دەسەپێنێت و بازرگانی لەگەڵ بانکی ناوەندی ڕووسیا سنوردار دەکات، لەسەر داگیرکاری مۆسکۆ بۆ ئۆکرانیا.

کیشیدا دوای ئەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا قسەی کرد گوتی: "لەبەر ڕۆشنایی تێوەگلانی ئاشکرای بێلارووسیا لەم دەستدرێژییەدا، ئێمە سزا دەسەپێنین بەسەر سەرۆک لوکاشینکۆ و ڕێکخراوەکانی تر، هەروەها ڕێوشوێنەکان بۆ سنوردارکردنی هەناردەکردن دەگرینە بەر."

کیشیدا گوتیشی "بۆ ئەوەی توانای ئابڵوقەی دارایی لە دژی ڕووسیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرزبکەینەوە، بڕیارماندا سزا بسەپێنین بەسەر مۆسکۆدا و مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی ڕووسیادا سنوردار بکەین."

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە ژاپۆن لەگەڵ هاوبەشەکانی گروپی 7 کار دەکات بۆ فشار خستنە سەر مۆسکۆ لەسەر داگیرکاریەکە، لەگەڵ زنجیرەیەک سزا لەسەر دامەزراوە داراییەکانی ڕووسیا و هەناردەکردنی پارچەی کۆمپوتەر(Chip)

تۆکیۆ هەروەها بەڵێنی داوە 100 ملیۆن دۆلار قەرز و 100 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیە مرۆییە فریاگوزاریەکان دابین بکات.

کیشیدا گوتی ئەو ڕێوشوێنانەش دەگیرێتەبەر کە ڕێگە بە ئۆکرانییەکان دەدات ماوەی مانەوەیان لەو وڵاتەدا درێژبکرێتەوە، ئەگەر نیگەران بن لە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

زیلینسکی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە پێشوازی لە هەنگاوەکانی ژاپۆن کرد بۆ پشتگیریکردن لە "سزا قورسەکان" لە دژی مۆسکۆ.

XS
SM
MD
LG