Accessibility links

ڕووسیا: ڤلادمێر پوتن سەرپەرشتی مەشقە سەربازییەکان دەکات


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت سەرۆک ڤلادمێر پوتن ڕۆژی شەممە چاودێری مەشقە سەربازییەکانی "هێزە ستراتیژییەکانی" ڕووسیا دەکات کە بریتی دەبێت لە هەڵدانی موشەکی بالاستیکی و کروز.

ئەم ڕاگەیاندنەش لە کاتێکدایە کە ڕووسیا گوتی سەربازەکانی لە دەوروبەری ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە، ئەو هێزەی کە بووەتە جێگای نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی واشنتن، کە پێیان وایە مۆسکۆ پلانی هێرشێکی بۆسەر ئۆکرانیا هەیە.

وەزارەتەکە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند پوتن سەرۆکایەتی " ڕاهێنانێکی سەربازی پلانبۆدارێژراوی هێزە ستراتیژییە بەرگرییەکان دەکات کە تیایدا موشەکەکانی بالاستیک و کروزیش هەڵدەدرێن."

لە ڕاگەیاندنەکەدا دەشڵێت هێزە ئاسمانییەکان، یەکەکانی ناوچەی سەربازی باشوور، هەروەها کەشتییە جەنگییەکانی باکوور و دەریای ڕەش بەشدار دەبن.

گوتەبێژی کرملن دمتری پێسکۆڤ لەم بارەیەوە بە پەیامنێرانی گوت هەڵدانی موشەکی بالاستیک " پرۆسەیەکی ڕاهێنانی ئاساییە." گوتیشی " هەموو وردەکارییەکان پێشتر ڕاگەیەندراوە" ڕەتیشی کردەوە هیچ نیگەرانییەک لەسەر ئەو مەشقە سەربازییە هەبێت.

ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا لەسەر ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا زیاتر بووە بەهۆی ڕاهێنانی گەورەی سەربازی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا هەروەها بێلاروس.

هەرچەندە ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە هێزەکانی کشاندووەتەوە بۆ بنکەکانیان، بەڵام ڕۆژئاوا دەڵێت هیچ کشانەوەیەکی ڕاستەقینەی نەبینیوە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێرشەکە ئەنجام بدات.

بایدن لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی گوتی ئەمەریکا هیچ ئاماژەیەکی نەبینیوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا کە ڕووسیا بانگەشەی بۆ کردووە.

بایدن بە پەیامنێرانی گوت: "هەموو ئەو شتانەی کە لە بەردەستدان نیشانی دەدەن کە ئامادەن بچنە ناو ئۆکرانیاوە و هێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا."

XS
SM
MD
LG