Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت کشاندنەوەی هێزەکان کاتی دەوێت


ڕووسیا
ڕووسیا

کرێملن دەڵێت " تۆمەتە بێ بنەماکانی " ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەت دەکاتەوە سەبارەت بەوەی ڕووسیا هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا ناکشێنێتەوە و وتی کۆکردنەوە و گەڕاندنەوەی سەربازەکان دوای مەشقەکان کاتی دەوێت.

ڕۆژی سێشەممە مۆسکۆ ڕایگەیاند بەشێک لە هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ وتیان لە ڕاستیدا ڕووسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیاتر کردووە لەجیاتی ئەوەی کەمی بکاتەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت وەزارەتی بەرگری ڕووسیا خشتەیەکی کاتی ڕوونی هەبووە بۆ گەڕاندنەوەی یەکە سەربازییەکان بۆ بنکە هەمیشەییەکانیان.

وتی " ئەوە ئاشکرایە کە پۆڵێنکردنی سەربازەکان بۆ مەشقە سەربازییەکان چەند هەفتەیەکی زۆری خایاند، بێگومان مەحاڵە لە تەنها یەک ڕۆژدا بکشێیتەوە. ناتوانن هەروا بە ئاسانی بڕۆن و بگەڕێنەوە، کاتی دەوێت."

وتیشی " وەکو هەمیشە، تۆمەتەکان بێ بنەمان."

ڕووسیا چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کردووە، ئەمەریکا دەڵێت نزیکەی 150,000 سەربازی ڕووسی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کراون. لە هەمان کاتیشدا مۆسکۆ مەشقێکی سەربازیی گەورە لە بێلاڕووس ئەنجام دەدات کە وابڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کۆتا ڕۆژی مەشقەکان بێت.

پێسکۆڤ ئاماژەشی بەوەدا مۆسکۆ بەجددی نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژییەکان لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەنێوان هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا و جیاخوازەکاندا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، وتیشی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین.

ڕۆژی پێنجشەممە جیاخوازەکان و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کرد بەوەی هێڵی ئاگربەستیان پێشێلکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG