Accessibility links

سەرۆک بایدن: هەموو شتێک دەریدەخات کە ڕووسیا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێرشەکە ئەنجام بدات.

بایدن لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی گوتی ئەمەریکا هیچ ئاماژەیەکی نەبینیوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا کە ڕووسیا بانگەشەی بۆ کردووە.

بایدن بە پەیامنێرانی گوت: "هەموو ئەو شتانەی کە لە بەردەستدان نیشانی دەدەن کە ئامادەن بچنە ناو ئۆکرانیاوە و هێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا."

نوێنەری ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا کە ڕووسیا هێشتا بەرەو "هێرشێکی نزیک" بۆ سەر ئۆکرانیا دەڕوات.

وتەکانی بایدن و لیندا تۆماس گرینفیڵد نوێنەری ئەمەریکا پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت، کە پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەیەکی گەرم بێت لەسەر ئەو قەیرانە بەردەوامەی ئۆکرانیا.

لیندا تۆماس-گرینفیلد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت" داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن کردووە کە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بکات بۆ ئەوەی "پابەندی بەردەواممان بۆ دیپلۆماسی نیشان بدات."

"دەشڵێت "ئامانجمان ئەوەیە مەترسی دۆخەکە نیشان بدەین. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕووسیا بەرەو "هێرشێکی نزیک" دەڕوات و ئەمە کاتێکی یەکلاکەرەوەیە."

ڕووسیا بەردەوام پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای ڕەتکردۆتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەمان ڕۆژ ڕایگەیاند کە دەتوانێت وەڵامی سەربازی بداتەوە ئەگەر واشنتۆن داواکارییە ئاسایشییەکانی مۆسکۆ جێبەجێ نەکات و گوتی دەیەوێت هەموو هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژهەڵاتی و ناوەڕاستی ئەوروپا بەجێبهێڵن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرەڕای نەبوونی ئیرادەی لایەنی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردنی گەرەنتی یاسایی و بەهێز سەبارەت بە ئاسایشی ئێمە لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، بەڵام ڕووسیا ناچار دەکرێت وەڵام بداتەوە، لەوانەش هەنگاوە تەکنیکییەکان."

ئەمەریکا دەڵێت مۆسکۆ بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێز و ئامادەکاری بۆ شەڕ لەسەر سنووری ئۆکرانیا، هەرچەندە کرملن دەڵێت هێزەکانی دەکشێنێتەوە.

هاوپەیمانەکانی ناتۆش ڕووسیایان بە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە تۆمەتبار کرد دوای ئەوەی ڕووسیا باسی گەڕانەوەی هەندێک هێزیان بۆ بنکەکانیان کرد، ئەو هەواڵەی ڕووسیا ئەم هەفتەیە بۆ ماوەیەکی کەم بارودۆخەکەی هێورکردەوە و هیوای ئاشتیشی زیادکرد.

ڕووسیا نزیکەی 150 هەزار سەربازی لە دەوروبەری سنوورەکانی ئۆکرانیا بڵاوکردۆتەوە.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ڕووسیا داوای لە جێگری سەرۆکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بارت گۆرمان کردووە ڕووسیا بەجێبهێڵێت.

ڕووسیا هیچ زانیارییەکی لە بارەی لە کار لادانی گۆرمانەوە نەداوە.

XS
SM
MD
LG