Accessibility links

جیاخوازەکانی ئۆکرانیا هێزەکانی حکومەت بە تۆمەتی هێرشکردن تۆمەتبار دەکەن


جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیایان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی حکومەت چوار جار تەقەیان لە ناوچەکانیان کردووە، وتیشیان هێشتا دەیانەوێت بزانن کە ئایا زیانی گیانی کەوتۆتەوە یاخود نا.

هێشتا نەزاندراوە ڕووداوەکان تا چەندێک مەترسیدار بوون، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپاش هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕووداوەکان نەداوە، ئەنجومەنەکە چاودێری بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکات بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا هەندێک لە چاودێرەکانی لە ناوچەکەدا کشاندەوە.

سوپای ئۆکرانیا تۆمەتەکانی جیاخوازەکانی ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی هێزەکانیان هێرشیان کردبێت، وتی ئەوە جیاخوازەکان بوون بە هاوەن بۆردومانی هێزەکانی ئۆکرانیایان کردووە.

لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا زۆر جار ڕووداوی لەم جۆرە ڕوویانداوە، بەڵام ئەم جارەیان لەکاتێکدایە ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و داواش لە ناتۆ دەکات ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییان داوەتە ڕووسیا لەسەر ئەوەی ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا سزایەکی توندی بەسەردا دەسەپێنن، ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەو جۆرەی هەبێت.

زیادبوونی ململانێ سەربازییەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا و هێزەکانی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2014 دا بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵ کرد، لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا.

نوێنەرانی هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە جیاخوازەکان بەڕێوەی دەبەن لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی پێنجەشەممە وتیان هێزەکانی ئۆکرانیا هاوەن و چەکی قورسیان لە چوار ڕووداودا بەکارهێناوە.

جیاخوازەکان لە بەیاننامەیەکدا وتیان " هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕێکەوتنی ئاگربەستیان پێشێلکردووە، ئەوەش لەڕێی بەکارهێنانی چەکی قورسەوە، کە بەپێی ڕێکەوتنەکانی مینسک دەبێت بکشێندرێنەوە."

هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک پێکەوە بە هەرێمی دۆنباس ناسراون و دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە، بەرپرسانی جیاخوازەکان دەیانەوێت ڕووسیا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانیان پێدا بنێت. هاوکات پەرلەمانی ڕووسیا بە کۆی دەنگ داوایان لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کرد دانیان پێدا بنێت.

بەڵام کرێملن ئاماژەی بەوەدا هێشتا پوتن هیچ پلانێکی نیە ئەوە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG