Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت بانگەشەکانی ڕووسیا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا ڕاست نین


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی بانگەشەکانی ڕووسیا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا ڕاست نین و مۆسکۆ 7000 سەربازی لەسەر سنوورەکە زیاد کردووە.

بەرپرسەکە وتی " حکومەتی ڕووسیا وتی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە، بەڵام ئێستا دەزانین کە ئەوە ڕاست نیە."

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک بایدن ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ڕووسیا " 7000 سەربازیی بە درێژایی سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە." ئاماژەشی بەوەدا زۆرێکیان ڕۆژی چوارشەممە گەیشتوونەتە سەر سنوورەکە.

بەرپرسە باڵاکەی ئەمەریکا وتی ڕووسیا بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوەی کرد دەیەوێت بەردەوامی بە دیبلۆماسی و گفتوگۆکان بدات و " گرژییەکان کەم بکاتەوە." بەڵام " بەشێوەیەکی نهێنی سەربازەکانی بۆ جەنگ بڵاودەکاتەوە."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند دوای تەواوبوونی مەشقەکان هێزەکانیان لە نزیک سنووری ئۆکرانیا دەکشێننەوە و گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە پیشانی دەدات هێزەکان نیمچە دورگەی کرێمیا جێدەهێڵن.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " هێزە سەرەکییەکانی ڕووسیا " بەرەو سنوورەکە جوڵاون.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا بەردەوام زانیاری وەردەگرێت لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەتوانێت " لە هەر کاتێکدا بێت پاساوێکی ناڕاست بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بهێنێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG