Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت ژمارەیەک لە سەربازەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ بنکەکانی ناوچەکانی نزیک سنووری ئۆکرانیا


ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هەندێک لە یەکە سەربازییەکانی دوای ئەنجامدانی ڕاهێنان لە نزیک ئۆکرانیا، دەگەڕێنەوە بۆ بنکەکانیان. ئەمەش هەنگاوێکە کە دەتوانێت گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و ڕۆژئاوا کەم بکاتەوە.

هێشتا ڕوون نییە دوای جێگیربوونی 130 هەزار سەربازی ڕووسیا لە باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا ئەو یەکە سەربازییە تا چەندێک لە سنوورەکانی ئۆکرانیا دوور دەکەوێتەوە.

دیمیتری پێسکۆف، گوتەبێژی کرێملین گوتی هێزەکان پاش کۆتایی ڕاهێنانەکەیان گەڕاونەتەوە بنکەکانیان.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، چەند تانکێک و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی تر پیشاندەدات کە بارکراون بۆ ناو تەختەی شەمەندەفەرێک.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ئۆکرانیا لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت دیمیترۆ کوڵیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کیێڤ تەنها دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا باوەڕ بە کەمبوونەوەی گرژییەکان دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری کوڵیباوە هاتوە "ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام گوێمان لە لێدوانە جیاوازەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیایە، بۆیە یاسایەکمان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە باوەڕ بەو شتە دەکەین کە هەیە و دەیبینین و هەر بۆیەش ئەگەر چوونە دەرەوەی هێزەکانمان بینی، ئەوا باوەڕ بەوە دەکەین کە گرژییەکان بەرەو کەمکردنەوە دەچن."

هاوکاتیش شیکەرەوە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن هێشتا زۆر زووە بۆ دڵنیابوون لە کەمبوونەوەی گرژییەکان.

لیز ترەس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتوویەتی "هەرچەندە ڕووسەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە هیچ پلانێکیان نییە بۆ داگیرکردن، بەڵام بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەمە تا چەند ڕاستە، پێویستە کشانەوەی تەواوی هێزەکان ببینین."

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیا کردووە، هاوکات ڕۆژئاوا نیگەرانن لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەوجۆرەی هەبێت..

XS
SM
MD
LG