سێ سەرچاوەی باڵای ئاسایشی ئەوروپا دەڵێن بەکرێگیراوانی ڕووسی کە پەیوەندییان بە سیخوڕەکانی مۆسکۆوە هەیە لەم هەفتانەی دواییدا بوونی خۆیان لە ئۆکرانیا زیاتر کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ نیگەران بن لەسەر ئەوەی ڕووسیا هەوڵ بدات پاساوێک بدۆزێتەوە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.
سەرچاوەکان وتیان لەم هەفتانەی دواییدا ڕۆژئاوا نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر بووە و لەوانەیە ڕووسیا پێشتر هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی کارەبا و تۆڕەکانی گازی ئۆکرانیا ئەنجام بدات.
سەرچاوەکان وتیان ڕووسیا لەوانەیە بەکرێگیراوەکان بۆ خستنەوەی ئاژاوە و پەکخستنی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ئەوەش لەڕێی کوشتن و بەکارهێنانی چەکی تایبەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا دووبارە هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕووسیا لەوانەیە " ئەرکێکی بەمەبەست " لەناو ئۆکرانیادا دروست بکات تاوەکو پاساو بۆ داگیرکارییەکەی بهێنێتەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ئاسایشی ئەوروپا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " پێدەچێت بەکرێگیراوەکان لەژێر فەرمانی دەوڵەتی ڕووسیادا بەشداری بکەن لە کردەوە توندوتیژییەکان لە ئۆکرانیادا، ئەمەش بۆ هێنانەوەی پاساوێک بۆ داگیرکردن."
وتیشیان بەکرێگیراوە ڕووسیەکان لەڕێی کۆمپانیا تایبەتیە سەربازییەکانی ڕووسیاوە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیدا هەیە، کە ئەو دەزگایەش جێگرەوەی سەرەکی کە جی بی سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت و بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری سەرەکی ڕووسیایە.
لەنێو ئەو بەکرێگیراوانەدا کە لەم هەفتانەی دواییدا ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون ئەفسەرێکی پێشووی بەڕێوبەرایەتی سەرەکی هەواڵگری ڕووسیای تێدایە کە لە گروپی بەکرێگیراوانی واگنەریشدا کاریکردووە. ئەفسەرەکەی پێشوو چووە بۆ دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە یەکێکە لەو دوو هەرێمەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی جیاخوازەکانی ئۆکرانیادایە.
ڕۆژی دووشەممە کرێملن بە ڕۆیتەرزی وت ڕووسیا بوونی خۆی لە ناوچەکانی ئۆکرانیا پتەو ناکات و هێزەکانی ڕووسیا هەرگیز لەوێ نەبوون و لە ئێستاشدا لەوێ نین.
سەرچاوەکان وتیان گروپە بەکرێگیراوەکانی ڕووسیا چەک و شارەزایانی سەربازیی و مەشقی سەربازییان بۆ میلیشیاکانی سەر بە ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دابین کردووە.
وتیشیان گروپی بەکرێگیراوی واگنەر لە سنووری ئۆکرانیا جێگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی لە بنکەیەکی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری سەرەکی ڕووسیا لە شاری کراسنۆداری باشووری ڕووسیا مەشقیان پێکراوە.
ڕۆیتەرز نەیتوانیوە هیچ کام لەم زانیارییانە سەبارەت بە چالاکییەکانی بەکرێگیراوانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتڕاست بکاتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، گروپە بەکرێگیراوەکانی دیکەی ڕووسیاش چالاکییەکانیان لە ئۆکرانیا زیاتر کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز