Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا داوای یەکگرتوویی دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد لە 16 ی مانگی دوودا ئاڵای وڵاتەکە بەرز بکەنەوە و هەمووان پێکەوە سرودی نیشتیمانی بڵێنەوە، هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن لەوانەیە ڕووسیا لەو ڕۆژەدا ئۆکرانیا داگیربکات.

بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا جەختیان لەوە کردەوە زیلینسکی بەو لێدوانەی پێشبینی هێرشی نەکردووە لە ڕۆژی چوارشەممەدا، بەڵکو وەڵامی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنە بیانییەکانی داوەتەوە.

زیلینسکی لە وتارێکیدا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکە وتی " پێمان دەڵێن 16 ی مانگی دوو ڕۆژی هێرشەکەیە. ئێمەش دەیکەین بە ڕۆژی یەکگرتن."

وتیشی " دەیانەوێت جارێکی دیکە بە دیاریکردنی ڕۆژ و بەروارێک بۆ دەستپێکردنی کردەوەیەکی سەربازیی بمانترسێنن، لەو ڕۆژەدا، ئاڵای نیشتیمانی وڵاتەکەمان بەرز دەکەینەوە، زەرد و شین دەپۆشین، یەکگرتوووییمان پیشانی هەموو جیهان دەدەین."

زیلینسکی هەمیشە وتوویەتی باوەڕی بەوە هەیە ڕووسیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی دەکات، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا زیادەڕۆیی دەکەن لە ئەگەری هێرشێکی نزیکی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکە.

ئۆفیسەکەی زیلینسکی ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە سەرجەم گوند و شارۆچکەکان کرد لە ڕۆژی چوارشەممەدا ئاڵای وڵاتەکە بەرز بکەنەوە، هەروەها لە کاتژمێر 10 ی بەیانیشدا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سرودی نیشتیمانی بوترێتەوە. هەروەها داواشی کرد موچەی سەربازەکان و پاسەوانانی سەر سنوورەکان زیاد بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG