Accessibility links

ئەمەریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە کیێڤ دادەخات 


ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن بە شێوەیەکی کاتی کارمەندانی باڵیۆزخانەی خۆی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەگوازێتەوە بۆ شارۆچکەی لڤیڤ کە بە 340 کیلۆمەتر دوور دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیێڤەوە.

بلینکن هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کرد دەستبەجێ ئۆکرانیا بەجێبهێڵن.

هەروەها هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی لەناوبردنی ئامێرەکانی پەیوەندی و کۆمپیوتەر و سیستەمی کۆمپیوتەری لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ دەرکردوە.

وەزارەتی دەرەوە سەرەتا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کرد گەشت نەکەن بۆ ئۆکرانیا و ڕۆژی شەممەش ڕایگەیاند کارمەندە دیپلۆماسییەکانی لە کیێڤ کەم دەکاتەوە.

هەفتەی ڕابردوو جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی داوای لەو هاووڵاتیانی ئەمەریکای نیشتەجێ لە ئۆکرانیا کرد کە بە زووترین کات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لە ئەگەری هێرشی سەربازی ڕووسیا، ئەمەریکا بۆ دەرکردنی هاووڵاتیانی سەرباز ڕەوانەی ئۆکرانیا ناکات.

XS
SM
MD
LG