Accessibility links

کۆبوونەوەکان لە مۆسکۆ و واشنتۆن بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا


مەترسی شەڕ هەڵگیرسان بە درێژایی سنووری ڕووسیا و ئۆکرانیا، بابەتی سەرەکی کارنامەی گفتوگۆ جیاوازەکانە لە مۆسکۆ و واشنتون لە ڕۆژی دووشەممەدا ، کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا میوانداری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکات، و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکاش پێشوازی لە ئۆلاف شۆڵزی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەکات.

کۆشکی سپی گوتی بایدن و ماکرۆن لە ڕۆژی یەکشەممەدا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، و باسیان لە "هەوڵە بەردەوامەکانی دیپلۆماسی کردووە لە وەڵامی بەردەوامی بونیاتنانی سەربازی ڕووسیا لە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، هەروەها پشتگیری خۆیان بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هەفتەی ڕابردوو وتی کە گرنگترین تەوەری سەردانەکەی "دیالۆگ لەگەڵ ڕووسیا هێوەرکردنەوەی ڕەوشەکەیە" دوای کۆبوونەوەی له گەڵ ڤلادیمیر پوتین، کە هەروەها بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممەدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەرانی ئۆکرانیا بەرەو کیڤ گەشت بکات.

هاوکات بڕیارە ئۆلاف شۆڵزی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەفتەی داهاتوو گەشتێکی هاوشێوە بۆ مۆسکۆ و کیڤ بکات.

بە پێی جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ، ئەم دیالۆگانە لە کاتێکدا دێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداری دەدات کە پێدەچێت داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا" لە هەر کاتێکدا ڕووبدات".

سولیڤان ڕۆژی یەکشەممە بە بەرنامەی (Meet the Press)-میت ذی پریس- ی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی گوت: "ئێمە باوەڕمان وایە کە ڕووسەکان توانایان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورە بۆ ناو ئۆکرانیا ئەنجام بدەن، و ئێمەش کاری جدیمان کردووە تا وەڵامێک ئامادە بکەین "

لە چاوپێکەوتنێکی تر لە گەڵ بەرنامەی (Fox News Sunday)- فۆکس نیوز سەندەی، سولیڤان گوتی: "ئەگەر ڕۆژێک ڕووسیا بتوانێت هەڵوێست دژی ئۆکرانیا وەربگرێت، ڕەنگە تا دوو هەفتەی تری بوێت" بەپێی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا، کە مۆسکۆ 70٪ هێزی شەڕکەری لە شوێندا بۆ هێرشکردن ئامادە کردووە.

سولیڤان گوتی" داگیرکردنی ڕووسیا بە بەهایەکی گەورەی مرۆیی بۆ ئۆکراینا دەشکێتەوە، بەڵام هەروەها بە بەهایەکی ستراتیژیش بۆ ڕووسیا"، لەکاتێکدا ئەمەریکا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بە شێوەیەکی خێرا و توند بەسەر ڕووسیا تا ئابورییەکەی پەکبخات.

سولیڤان، وتیشی: "سا هەر کردەوەیەک کە ڕووسیا لە داهاتوودا بیکات، ئەمەریکا بۆی ئامادەیە"

لەگەڵ ئەوەشدا سولیڤان گوتی ئەمەریکا ئامادەشە گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا بکات لەسەر نیگەرانییە ئەمنییە ئاشکراکانی پەیوەست بە کردەوەکانی ئەمەریکا و 29 هاوپەیمانەکەی ناتۆدا.

سولیڤان، وتی "کە دانانی چەند سیستەمێکی دیاریکراوی مووشەکی دەگرێتەوە، هەروەها شەفافیەت سەبارەت بە مەشقە سەربازییەکان. و بریتین لە خستنە گەڕی توانای زیاتر بۆ بونیاتنانەوەی متمانە، و خۆلادان لەو ڕووداوانەی کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ڕەوشەکە و یان بە هەڵە هەڵسەنگاندنی".

سولیڤان سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی پوتین کە ناتۆ ئەگەری ئەندامێتی ئۆکرانیا بەدوور دەزانێت وتی: "بەڵام ئەوەی ئێمە ئامادە نین دانوستانی لەسەر بکەین، ئەو بنەما بنەڕەتیانەی ئاسایشین کە بریتین لە دەرگایەکی کراوەی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن داواکارییەکانی بە ئەندامبوون جێبەجێ بکەن"

هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا دەڵێن هیچ وڵاتێکی دەرەوەی ناتۆ دەسەڵاتی ڤیتۆی نییە لەسەر ئەوەی چ وڵاتێک بچێتە ناو هاوپەیمانی ئەتڵەسییەوە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو فەرمانیدا 3000 سەربازی ئەمریکی ڕەوانەی پۆڵەندا و ڕۆمانیا، دوو وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ بکرێن.

واشنتۆن ڕەتیکردۆتەوە هێزی ڕەوانە کردبێت بۆ شەڕکردن لە پاڵ هێزەکانی ئۆکرانیا لە میانەی ئەگەری داگیرکردنی ڕوسیادا. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەشدا بایی 500 ملیۆن دۆلار چەک و مووشەکی بەرگریکاری بۆ حکومەتی کیڤ ناردووە.

سولیڤان وتی لە هەر ڕووداوێکدا، ئەگەر ڕووسیا ئۆکراینا داگیر بکات، ئەوا هێڵی بۆرییەکانی گازی سروشتیان کە بە (نۆرد ستریم 2 ) ناسراوە و لە ژێر دەریای بەلکان لە ڕووسیاوە بۆ ئەڵمانیا دەبرێت، بەرەوپێش ناچێت، کە هێڵی بۆرییەکان تەواوبووە بەڵام نەخراوەتە گەڕ.

لە چاوپێکەوتنەکەی ئێن بی سیدا، سولیڤان وتیشی بایدن" هاوپەیمانەکانمانی کۆکردۆتەوە و هاوکارەکانمانی لە کەناری ڕۆژهەڵاتدا دڵنیای کردۆتەوە، ئەو پشتگیری مادی بۆ ئۆکرانییەکان دابین دەکات، و ئاڕاستەیەکی دیپلۆماسی بۆ ڕووسەکان پێشنیار کردووە، ئەگەر ئەوە هەڵبژێرن، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئێمە ئامادەین، هاوپەیمانەکانمان ئامادەن، و ئێمە هەوڵدەدەین یارمەتی خەڵکی ئۆکرانیا بدەین کە ئامادەبن".

XS
SM
MD
LG