Accessibility links

ماکرۆن بەرەو ڕووسیا بەڕێکەوت و بانگەشەی ئەوە دەکات هەوڵە سیاسییەکانی کۆتایی بە قەیرانی ئۆکرانیا دەهێنێت


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە ئەگەری هێرشی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا کەم کردەوە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکدا وتی کۆکردنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا لەوانەیە زیاتر بەشێک بێت لە ستراتیژییەکی فراوانتری ڕووسیا بۆ پاراستنی سنووری ڕۆژئاوای وەکو لەوەی ئامادەکاری بێت بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکرانیا.

ماکرۆن بە ڕۆژنامەی لو جێڕناڵ دو دیمانشی فەڕەنسی وت " ئامانجی جیۆسیاسیی ئەمڕۆی ڕووسیا ئاشکرا دیارە ئۆکرانیا نیە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی یاساکانی پێکەوە ژیانیەتی لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا."


ماکرۆن پێش سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ وتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕووسیادا لەوانەیە ببنە هۆی دوورخستنەوەی ئەگەری ململانێی سەربازیی.

ماکرۆن وتی " گفتوگۆ چڕوپڕەکانی کە لەگەڵ مۆسکۆدا ئەنجاممان داون و ئەم سەردانەش بۆ ڕووسیا لەوانەیە ڕێگە بگرن لە ڕوودانی ئەرکێکی سەربازیی. دواتر باس لە مەرجەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەین. هەمیشە گفتوگۆی زۆرم لەگەڵ سەرۆک پوتندا کردووە و بەرپرسیارێتی ئێمەش ئەوەیە چارەسەری مێژوویی بدۆزینەوە."

لێدوانەکانی ماکرۆن سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا بە ئاشکرا جیاوازە لەگەڵ چۆنێتی سەیرکردنی ڕەوشەکە لەلایەن ئەمەریکاوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی " دەکرێت لە هەر ڕۆژ و کاتێکدا بێت ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بجوڵێت، یاخود پێدەچێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا بێت." ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێن ڕووسیا لە سەدا 70 ی هێزە شەڕکەرەکانی ئامادەکردووە بۆ هێرشکردن.

سۆلیڤان لە پڕۆگرامێکی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی " باوەڕمان وایە ڕووسییەکان تواناکانی خۆیان خستۆتە کارەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازیی گەورە بۆ ناو ئۆکرانیا، ئێمەش کاردەکەین بۆ ئامادەکردنی وەڵامدانەوەیەک."

لێدوانەکانی ماکرۆن سەبارەت بەوەی هەوڵە سیاسییەکانی لەگەڵ پوتندا لەوانەیە ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە گرژییەکان، لەلایەن ڕکابەرەکانیەوە لە ناوخۆی فەڕەنسادا ڕەخنەیەکی توندی لێگیرا. هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی ماکرۆن خەریکە متمانەپێکردن پێی وەکو دانوستکار دەخاتە مەترسییەوە، ئاماژەشیان بەوەدا لە ساڵی 2017 ەوە هەوڵە سیاسییەکانی ماکرۆن لەگەڵ ڕووسیادا شکستیان هێناوە.

وابڕیارە لە مانگی چواردا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بەڕێوەبچن، ڕکابەرەکانی ماکرۆنیش تۆمەتبارییان کردوە بەوەی هەوڵ دەدات سیاسەتی دەرەوە وەکو چەکێک بەکاربهێنێت بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی.

بەڕێوبەری یورایسیا گروپ موجتەبا ڕەحمان، کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژپێدانی جیهانییە وتی " ئەوەی کە ماکرۆن شتێکی لە ڤلادیمێر پوتنەوە دەست بکەوێت بابەتێکی دیکەیە، هەوڵەکانی پێشووی ماکرۆن بۆ بونیادنانی تێگەیشتنێک لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیادا شکستیان هێناوە."

شارەزایەکی سیاسەتی دەرەوەی دەزگای توێژینەوەی جێرمان مارشاڵ فەندی ئەمەریکا لە بەرلین، ئولڕیچ سپێک وتی " قسەکانی ماکرۆن سەرانسەری ئەوروپا دەشڵەژێنێت."

ماکرۆن هەمیشە داوایکردووە ڕووسیا بگەڕێندرێتەوە ناو ڕۆژئاوا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای لەخۆگرت. ماکرۆن لە ساڵی 2017 دا دەڵێت " هەڵە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر کرێمیا بپچڕیت لەجیاتی ئەوەی پەیوەندییەکی هەمیشەیی دروست بکەیت لەگەڵیدا."

مانگی ڕابردوو لە وتارێکیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا، ماکرۆن داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد هەوڵ بدات ڕاستەوخۆ خۆی لەگەڵ ڕووسیادا قسە بکات و ڕێکەوتنێکی ئاسایش لەگەڵ ڕووسیادا واژۆ بکات، هەندێک لە ڕابەرانی ناوەندی ئەوروپا و وڵاتانی باڵتیک وتیان لێدوانەکانی ماکرۆن لە کاتێکی گونجاودا نەبوون و بەشێوەیەک بووە کە هانی ڕووسیا بدات ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بەگژیەکدا بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG