Accessibility links

لە پاش کوژرانی ڕێبەری داعش، مەزڵوم عەبدی سوپاسی ئەمەریکا دەکات


فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک سوپاسی خەڵکی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەمەریکا دەکات بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان.

مەزڵوم عەبدی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " سوپای خەڵکی ئەمەریکا دەکەین بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان و سوپای سەرۆکی ئەمەریکا دەکەین بۆ هێرشەکەی ئەمدواییانەی ئیدلب کە تیایدا ئەلقورەیشی ڕێبەری داعش کوژرا. بە هاوبەشییەکی بەهێزمان، جارێکی تر توانیمان لە ناوجەرگەی داعش بدەینەوە. هیوای ئارامی بۆ ئەو 121 کەسە دەخوازم کە لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر حەسەکە گیانیان فیداکرد."

تویتەکەی مەزڵوم عەبدی پاش وتارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی سەرۆک بایدن هات کە تیایدا کوژرانی ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی ڕێبەری داعش لە ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە نزیک سنووری تورکیا، پشتراست کردەوە و گوتی ئەم گەورە تێرۆرستەی کە بە حەجی عەبدوڵـڵا ناودێرکرابوو، لە وەتای کوژرانی ئەبو بەکر ئەلبەغدادیـیەوە ڕێبەرایەتی داعشی کردووە و بە کردەوەی تێرۆرستی ئەمەریکایـیەکان و هاوپەیمانانی و هاوبەشەکانی و خەڵکێکی بێشوماری سڤیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و باشوری ئاسیا کرتووەتە ئامانج.

سەرۆک بایدن سوپاسی ئەو هێزەی ئەمەریکای کرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجام دابوو و گوتی بە ئەوپەڕی ئازایەتی و لێهاتووییەوە کارەکەیان ئەنجام داوە. هەروها گوتیشی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە پاڵپشتی کراون.

پاش وتارەکەی بایدن هەر ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە فەرهاد شامی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کوژرانی قوریشی سەرکەوتنێکی ستراتیژییە بۆ لەناوبردنی داعش.

شامی گوتیشی " ئێمە ڕۆڵێکی گرنگمان بینی لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بەدواداچوونی جموجۆڵەکانی ئەو چەتەیە، ئامادەکردنی چالاکییەکە و بەجێگەیاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا. ئۆپەراسیۆنەکە لە هەرێمەکانی ئێمە دەستیپێکرد و هێزەکانی ئێمە لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆڵیان هەبوو."

فەرهاد شامی
فەرهاد شامی

شامی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کوژرانی ئەو چەتەیە بۆ گەلەکەمان و دایکانی شەهیدانی زیندانی حەسەکە و هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دیارییەکە. ئەم چالاکییە وەک تۆڵەیەکە بۆ هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکە. شەڕی ئێمە لە دژی تیرۆر لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوام دەبێت و چەتەکانی داعش لە هەر کوێیەکبن دەبنە ئامانجی هێزەکانی ئێمە."

شامی سوپای سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیشی کرد کە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە شەڕەکەیان لە حەسەکە کردووە و گوتی " سوپاسی بەڕێز بایدن دەکەین بۆ ئەوەی شەهیدانی زیندانەکەی لەبیرنەکرد. ئەو باسی لە تێکۆشانی هێزەکانمان کرد. ئێمە لەناوچوونی ئەم سەرکردە تیرۆرستە بۆ خۆمان و گەلەکەمان بە سەرکەوتنێکی گرنگ دەبینین و سوپاسی ئەوانیش (ئەمەریکا) دەکەین. بە بۆچوونی ئێمە سوپاسکردنی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئێمە دەنگدانەوەی گەلی ئەمەریکایە."

XS
SM
MD
LG