Accessibility links

هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێک لە سوریا ئەنجام دەدەن


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی ئەرکێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرییان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجامداوە، سەرچاوە سورییەکان وتیان باوەڕ وایە هێرشەکە جیهادییەکانی سەر بە گروپی ئەل قاعیدەی کردبێتە ئامانج.

تیمەکانی فریاکەوتنی سوریا وتیان لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکان و ئەو تەقینەوانەدا کە دوای دەستپێکردنی هێرشەکە ڕوویانداوە، لانی کەم 13 کەس کوژراون، شەش منداڵ و چوار ئافرەتیشیان تێدا بووە. هێرشەکە ماڵێکی لە ناوچەی ئەتمەی نزیک سنووری تورکیا کردۆتە ئامانج.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکا لەژێر فەرمانی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکادا هێرشێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرییان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجامداوە. ئەرکەکە سەرکەوتوو بووە."

وتیشی " هیچ زیانێکی گیانی لەنێو ئەمەریکیەکاندا نەبووە. هەر کاتێک زانیاری زیاترمان دەستکەوت ئاشکرای دەکەین."

بەڵام ئاماژەی بەو ئامانجە نەدا کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردۆتەسەر.

ژمارەیەک لە گروپە جیهادییەکانی سەر بە ئەل قاعیدە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا چالاکن، کە دوایین شوێنی سەرەکی ئەو چەکدارانەیە کە دژی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەجەنگن. ڕابەرانی ڕێکخراوی داعشیش لەو ناوچەیەدا خۆیان حەشارداوە.

هەندێک لە سەرچاوەکانی گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە وتیان دڵنیان لەوەی ئامانجەکە سەرکردەیەکی جیهادییەکان بووە، بەڵام دڵنیا نین کێ بووە.

دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن فڕۆکەی هێلیکۆپتەر لە ناوچەکەدا نیشتوونەتەوە و شەڕ و پێکدادانێکی قورس ڕوویداوە و دەنگی تەقینەوەش بیستراوە. هێزەکانی ئەمەریکا بڵندگۆیان بەکارهێناوە بۆ ئاگادارکردنەوەی منداڵ و ئافرەتان تاوەکو ناوچەکە جێبهێڵن.

شایەتحاڵێک کە لەو نزیکانە دەژی بە ڕۆیتەرزی وت کۆمەڵێک لاشەی لە شوێنی هێرشەکە بینیوە. وتی " خوێنێکی زۆر دەبیندرا." ئاماژەشی بەوەدا یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا کێشەی میکانیکی هەبووە و لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە تەقێندراوەتەوە.

چەکدارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئەو جیهادییەی کە کراوەتە ئامانج لەو کاتەدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بووە.

باکووری ڕۆژئاوای سوریا گروپە جیهادییەکانی وەکو حوراس ئەل دین و لقەکانی سەر بە ئەل قاعیدەیان تێدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG