Accessibility links

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ: شەڕو پێکدادان لە نێوان هێزە کوردیەکان و چەکدارانی داعش لە غوێران بەردەوامە


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕۆژی شەممە پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکان و چەکدارانی داعش لە نزیک ئەو گرتووخانەیەی کە هەفتەی ڕابردوو داعش هێرشی کردەسەر و هێشتاش دەیان جیهادی لەوێ شەڕدەکەن ڕوویداوە.

هێرشەکەی داعش بۆ سەر زیندانی سیناعە لە ناوچەی غوێرانی حەسەکە لە 20 ی ئەم مانگە شەڕێکی قورسی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئەنجامدا نزیکەی 260 کەس کوژراون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ڕۆژی چوارشممە ڕایگەیاند کە زیندانەکەیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە هەر بەردەوامە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕۆژی شەممە " لە دەوروبەری زیندانەکە شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزە کوردەکان (هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) و چەکدارانی داعش کە لەو ناوچەیە خۆیان حەشاردابوو ڕوویداوە."

ئەو ڕێکخراوەی کە چاودێری شەڕی سوریا دەکات و پشت بە سەرچاوەکانی لە ناوخۆی وڵاتەوە دەبەستێت دەڵێت چوار چەکداری داعش کاربەدەستێکی خۆجێهی و سێ کەسی سڤیلیان لە ماڵێکی نزیک ئەو گرتووخانەیە بە بارمتە گرتووە.

هەسەدە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند نزیکەی 3،500 ئەندامی داعش خۆیان ڕادەست کردووە بەڵام ژمارەیەک لە داعشەکان لە ناو زیندانەکە خۆیان حەشارداوەو بەردەوامن لە شەڕ.

ڕوانگەکە دەڵێت چەکدارەکانی داعش " لە شوێنێکی ژێرزەمینین کە سەختە بتوانرێت بکرێنە ئامانجی هێرشی ئاسمانی یان زەمینی."

کاربەدەستانی هەسەدە لەو بڕوایەدان نزیکەی 60 بۆ 90 چەکداری داعش هێشتا لەو ژێرزەمینە و نهۆمی دووهەمی باڵەخانەکەدان.

پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس ڕادەگەیەنێت هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە کوردییەکان دەوروبەری باڵەخانەکەیان گرتووە و سیرەگریان لە سەربانەکانی دەوروبەری باڵەخانەکەوە بڵاوکردووەتەوە.

هەسەدە بەربەردەوامی داوا لە چەکدارەکانی داعش دەکات خۆیان ڕادەستبکەن.

فەرهاد شامی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " هێشتا ئێمە هێزمان دژیان بەکارنەهێناوە."

بە پێی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هێرشەکەی 20 ی مانگەوە هەتا ئێستا 260 کەس کوژراون کە بریتین لە 180 لە تیرۆرستانی داعش، 73 شەڕڤانی هێزە کوردییەکان و حەوت کەسی سڤیل.




XS
SM
MD
LG