Accessibility links

هێزە کوردییەکانی سوریا پاش کۆنتڕۆڵکردنی زیندانی غوێران بە دوای چەکدارانی دیکەدا دەگەڕێن


هێزە کوردییەکانی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکدا و پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو گرتووخانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوو، دەیان داعشیان بە دیل گرت کە لە زیندانێکی سوریا خۆیان حەشاردا بوو.

هێرشی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بۆ سەر بەندیخانەی غوێران لە نزیک شاری حەسەکە لە 20ی مانگی یەکدا پاش شەش ڕۆژی شەڕ و پێکدادان و کەوتنەوەی توندوتیژی، زیاتر لە 200 کەس کوژران.

هێرشەکە بە گەورەترین هێرشی چەکدارانی داعش دادەنرێت لە دوای شکستی خەلافەتەکەیان نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆژی چوارشەممە کۆنتڕۆڵی تەواوی زیندانی غوێران کرد و کۆتاییان بەو شەڕانە هێنا کە گەورەترین شاری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کردە ناوچەی شەڕ.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێن: لە ئاکامی گەڕان و پشکنینەکانی ڕۆژی دواتردا نزیکەی 60 بۆ 90 چەکداری جیهادی داعش دۆزراونەتەوە کە هێشتا لە هۆبەیەکی نێو زیندانەکەدا خۆیان حەشاردابوو و هەروەها تا ئێستا 3500 زیندانی داعش خۆیان ڕادەستی هێزەکانی هەسەدە کردووە.

هەسەدە دەشڵێت: هێزەکانمان داوای خۆ بەدەستەوەدانێکی سەلامەتیان کردووە، بەڵام ئەگەر چەکدارەکان کۆڵ نەدەن ئەوا بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین.

شاری حەسەکە پێی نایە چوارەمیین رۆژی قەدەغەکردنی هاتووچۆوە، لە کاتێکدا هێزە کورددییەکان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن هەموو دەروازەکانی شارەکەیان داخستووە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو جیهادیانە بکەن نەپەڕینەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 45 هەزار کەس لە ماڵەکانیان لە حەسەکە هەڵهاتوون بۆ دەربازبوون لە توندوتیژی و ژمارەیەکی زۆریشیان پەنایان بردووەتە بەر مزگەوتەکان یان هۆڵەکانی ئاهەنگێڕانی ناو شارەکە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG