Accessibility links

هەسەدە: گرتوووخانەی سیناعە لە غوێران بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کراوەتەوە


HSD
HSD

ناوەندی ڕاگەیاندننی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاند توانیویانە بە تەواوەتی گرتووخانەی سیناعە لە ناوچەی غوێران کۆنترۆل بکەنەوە و هەموو داعشەکان خۆیان ڕادەست کردووە.

ئەمەش پاش ئەوەی پێشترێکی ڕۆژی چوارشەممە هێزە کوردەکانی سوریا بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن بەتەواوەتی ئەو زیندانە کۆنترۆڵ بکەنەوە کە نزیکەی شەش ڕۆژ لەمەوبەر جیهادییەکانی داعش هێرشیان کردەسەر.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە دواین زانیارییەکان کرد سەبارەت بە ڕەوشی گرتووخانەی سیناعە لە ناوچەی غوێرانی شاری حەسەکە و گوتی دوو ئۆپەراسیۆن بەردەوامن یەکێکیان بۆ پاککردنەوەی گرتووخانەکەیە و ئەوی تریش لە گەڕەکەکانی دەوروبەر کە ئەندامەکانی داعشی لێیە کە چەکیان پێیەو خۆیان حەشارداوە.

فەرهاد شامی لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " بە شێوەیەکی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەستپێکردووە، بەتایبەتی لە هەندێک شوێنی کە یاخیبوونی تێداهەیە و لە هەندێک شوێنیش کە داعشەکان خۆیان ڕادەست ناکەن. ئێمە هێرش دەکەینە سەر ئەو شوێنانە."

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە بەرەبەیانی 25ی مانگەوە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەشت بەشی گرتووخانەکە پاککراوەتەوە و بەتەواوەتی کۆنترۆڵ کراوەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە هەندێک لە چەکدارەکانی داعش خۆیان ڕادەست دەکەن بەڵام وەک پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر دەڵێت لە نێوان خودی داعشەکانیش کێشە دروست بووە هەندێکیان هەوڵدەدەن خۆیان ڕادەست بکەن و هەندێکیشیان ڕێگەیان پێنادەن. لە ڕۆژی سێشەممەوە هەتا ئێستا نزیکەی 300 لە گیراوەکان و چەکدارانی داعش خۆیان ڕادەست کردووە.

فەرهاد شامیش ئەم زانیارییەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و گوتی "داعشەکان ورەیان ڕووخاوە، ئیتر ناچار بوون یان خۆیان ڕادەستبکەن یان چارەیەکی تر کە نامانەوێت بیڵێین. بەڵام خاڵێکی تریش هەیە زۆرێک لەو داعشانەی کە دەیانەوێت خۆیان ڕادەستبکەن لەلایەن ئەوانی ترەوە دەکوژرێن."

ڕامی عەبدوڵڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ڕێبەرێکی داعش لە سوریا داوای لە هێزە کوردییەکان کردووە کۆتایی بەهێرشەکانیان بهێنن و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ جیهادییە بریندارەکان دابین بکەن.

عەبدولکەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی فراسن پرێسی ڕاگەیاند " ئەم کێشەیە کێشەیەکی نێونەتەوەییە و ئێمە ناتوانین بە تەنها ڕووبەڕوویبینەوە".

ئەو داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد " پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بکەن بۆ باشکردنی باری ئەمنی و مرۆیی بۆ زیندانیان لە گرتووخانەکان و ئەو کەمپانەی کە زۆر قەرەباڵغن."

بە پێی زیانیارییەکان ئەو گرتوخانەیەی کە داعش لە هەفتەی ڕابردووی ‌هێشی کردە سەر نزیکەی 4 هەزار ئەندامی داعشی تێدا بووە.

XS
SM
MD
LG