Accessibility links

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: زانیارییەکان وای دەردەخەن زۆربەی ئەو چەکدارانەی داعش لە بەندیخانە لە سوریا ڕایانکردووە بەرەو عێراق هاتوون


نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت" هێرشەکەی داعش بۆ سەر زیندانی حەسەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر عێراق، بە تایبەت زانیارییەکان وا دەریدەخەن زۆربەی ئەو چەکدارانەی داعش لە زیندانیەکەی شاری حەسەکە و ئەنجامدەرانی هێرشەکە ڕایانکردووە بۆ عێراق، دەشڵێت" مەترسی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان کەمترە چونکە لە هەرێم یەک بڕیاری سیاسی و یەک دەنگی سیاسی هەیە، یەک سوپای یەکگرتووی بەهێزی هەیە هێزەکە مونەزەمترە، وە بڕیارەکانیش مونەزەمن، بەڵام لە بەشەکانی تری عێراق جگە لە سوپای عێراق چەندین گروپی چەکداری تر هەن. "

" بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت"


لیوا عەبدولخالق تەڵعەت
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت

عەبدولخالق تەڵعەت وتی" ئەم ڕووداوانەی دوایی کە ڕوویدا چ لە حەسەکە یاخود پەلامارەکانی تری داعش، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر عێراق بە تایبەت زانیارییەکان کە وای دەردەخەن زۆربەی ئەوانەی ڕایانکردووە لە بەندیخانە بەرەو عێراق هاتوون لەبەر ئەوەی عێراق زیاتر شوێنێکە ئەو تیرۆریستانە دەتوانن شوێنی خۆیان بکەنەوە. "

عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوەکرد" بێگومان ئەم ماوەیەی دوایش داعش لە عێراق هێرشەکانی چڕکردۆتەوە، دواین هێرشیان ئەوەی ناوچەی عوزێم بوو، ئەم هێرشە چرانەی داعش لە ئێستادا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە ئەمە بۆشایی ئەمنی دروستکردووە چونکە زۆربەی دەزگا ئەمنیەکان وا بیر دەکەنەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆتایی بە ئەرکی ئەوان دێت و خەڵکی تر دێتە جێگەیان، وە هۆکارێکی تر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکایە لە عێراق کە ئەمەش وایکردووە داعش زیاتر پەرە بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە ناو عێراقدا بدەن. "

دەربارەی ژمارەی ئەو چەکدارە داعشانەی هاتوونەتە عێراق؟ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق وتی" ناتوانرێت بزانرێت ژمارەی ئەو چەکدارە داعشانە چەندە، چونکە ئەوانە شوێنییان دیار نیـیە ناوە بەناوە لەگەڵ ئەنجامدانی کردەوەکانیان دەردەکەون، بەڵام زانیارییەکانی ئێمە دەریدەخەن داعش لە پەرەپێدانی خۆیدایە لە عێراق و وە زیاتر ئامانجییان دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوو. "


"مەترسی داعش لەسەر هەرێم کەمترە چونکە.... "



لیوا عەبدولخالق ئەوەشی وتی" مەترسی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان کەمترە، چونکە لە هەرێم یەک بڕیاری سیاسی و یەک دەنگی سیاسی هەیە، یەک سوپای یەکگرتووی بەهێزی هەیە هێزەکە مونەزەمترە، وە بڕیارەکانیش مونەزەمن، بەڵام لە عێراق بێجگە لە سوپای عێراق کۆمەڵێک گروپی چەکداری تر هەن، بۆیە کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی داعش ڕەنگە بەو شێوەیە ئاسان نەبێت لەبەر نەبوونی یەک بڕیاری سیاسی لە عێراق بۆ ئامانجەکانی ئاسان نیـیە، بۆیە گرنگە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر بابەتی ئەمنی هەبێت وە هێزی هاوبەش هەبێت بۆ پاراستنی سنوورەکان بە تایبەت ئەو سنوورانەی دەکەونە سنوور لەگەڵ سوریا تا ڕێگا نەدرێت بە چەکدارانی داعش ئەمبەراوبەر بکەن. "

" ئەوەی گرنگە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەزگایەکی ئەمنی بەهێزە"


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا داعش هێزی ساڵی 2014 ی ماوە؟ لە وەڵامدا لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتی" هەموو ئەو زانیارییانەی لای ئێمەن دەریدەخەن کە داعش ئەو هێزەی 2014 ،2015 ، 2016 ی نەماوە جارێکی تر توانای دەستبەسەراگرتنی ناوچەیەکیان نیـیە، بەڵام ئەوەندە ماون کە کێشە و گرفت دروست بکەن، جارێکی تر وا بە ئاسانی ئەوەی 2014 دووبارە نابێتەوە، بەڵام مانای ئەوەش نیـیە نەتوانن کێشە و نا ئارامی بۆ زۆربەی ناوچەکان دروست بکەن، ئەوەی گرنگە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەزگایەکی ئەمنی بەهێزە داعش ناتوانێت ئەوەی لە 2014 ، 2015 لە ناوچەکانی گوێر و مەخمور کردی دووبارەی بکاتەوە و تا ڕادەیەک دوورە بەڵام ئامادەشن بۆ دروستکردنی جار بەجاری کێشە چ بۆ عێراق چ بۆ هەرێمی کوردستان. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:34 0:00



XS
SM
MD
LG