Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لێکۆڵێنەوەی زیاتر لەسەر کاریگەری ڤاکسینەکان دژ بە ئۆمیکرۆن پێویستە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە تا بزانرێت ڤاکسینەکانی دژ بە کۆڤید-19 بۆ جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە کاریگەرییان هەیە یان نا.

ئەم ڕاگەیاندنەی WHO لە کاتێکدایە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا تەشەنەی سەندووە.

ئەو ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییە دەڵێت " لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتن لە توانای ئۆمیکرۆن لە دژی ڤاکسین و بەهێزی جۆری ڤایرۆسەکە." کاربەدەستێکی ڕێکخراوەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەم کێشەیە پێویستی بە " هەماهەنگی جیهانی" هەیە و نابێت کۆمپانیاکانی دروستکردنی ڤاکسین بە تەنها بڕیاری لەسەر بدەن.

ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی دەرمانسازی لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی بەشی داهاتووی ڤاکسینەکان بۆ تیشکخستنە سەر ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە کە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوەو سەرەتا لە باشوری ئافریکا و هۆنگ کۆنگ دەرکەوت.

ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبەری فایزەر ئالبێرت بورلا گوتی ئەگەری زۆر هەیە پێویست بە ڤاکسینی دژ بە کۆڤید-19 ی نوێکراوە بکرێت کە بەتایبەتی جۆری ئۆمیکرۆن بکاتە ئامانج و کۆمپانیاکەی جۆرێکی ئامادە کردووەو ئامادەیە لە مانگی سێدا پێشکەشی بکات.

کۆمپانیای مۆدێرنای ڕکابەریشی کار لەسەر بژاردەیەکی ڤاکسین دەکات بۆ جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت هەتا دوو مانگی داهاتوو ئامادە بێت.

گوتەبێژێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی دەستەیەکی تەکنیکی ڕێکخراوەکە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆبونەوەیان لەسەر گۆڕانکاری ڤاکسینەکان کردووە و چاوەڕوان دەکرێت هەتا کۆتایی ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان هەبێت.


XS
SM
MD
LG