Accessibility links

ڕێبەرانی گروپی حەوت تاوتوێی هەوڵەکانی گواستنەوەی خەڵکی لە ئەفغانستان دەکەن


ڕێبەرانی گروپی حەوت ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەفغانستان لە کاتێکدا چەند لایەنێک لەوانە دوا لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکەن هێزەکانی ئەمەریکا لە پاش دوا مۆڵەتی 31ی هەشتیش لەو وڵاتە بهێڵێتە تا هەوڵەکانی گواستنەوە لەو وڵاتە خێراتر بکرێت.

تالیبان هەموو جۆرە درێژکردنەوەیەکی ماوەی مانەوەی هێزە بیانییەکانی لەو وڵاتەدا ڕەتکردووەتەوە.

سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن بەر لە دەستپێکردنی ئەو وتووێژە ئۆنلاینەی گروپی حەوت ڕایگەیاند " داوا لە دۆستان و هاوپەیمانانمان دەکەم پشتیوانی لە گەلی ئەفغانستان بکەن و پشتیوانییەکانیان زیاد بکەن بۆ هەوڵەکانی هاوکاری مرۆیی و پەنابەران."

لە کاتێکدا تەنها هەفتەیەک ماوە بۆ وادی دیاری کراوی کشانەوەکە بە تەواوەتی، دەیان هەزار هاووڵاتیانی ڕۆژئاوایی و ئەو ئەفغانیانەی کە پشتیوانی ئەمەریکاییەکانیان کردووە هەوڵێکی زۆر دەدەن بگەن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵ بەو هیوایەی بە پارێزراوی لە ئەفغانستان دەربچن.

کۆشکی سپی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 21 هەزار و 600 کەسی تر دەرکراون، بەڵام هەزاران کەسی تر ماون هێشتا بگوێزرێنەوە.

زۆرێک لە ئەفغانییەکان ڕایانگەیاندووە زۆر زەحمەتە، بەڵام مەحاڵ نییە، دەربازبیت لەو بازگانەی تالیبان لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانە دایناون. و کاربەدەستانی تاڵیبانیش وا دیارە نەیانەوێت ڕێگەیەکی زۆر بدەن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کاتە دیاری کراوەکە بە " هێڵی سوور" ناودێر دەکەن.

جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی وت "ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و ئەمنییەکانەوە لەگەڵ تاڵیباندا لە پەیوەندیداین" سەبارەت بە "هەموو لایەنەکانی ئەو شتانەی لە ئێستادا لە کابوڵ ڕوودەدەن."

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن بەڕێوەبەری نێوەندی دەزگای هەواڵگری ولیەم بەرنس ڕۆژی دووشەممە لە کابول بوو بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ ڕێبەری باڵای سیاسی تاڵیبان عەبدوڵ غەنی برادەر.

سولیڤان گوتی " ڕۆژ بە ڕۆژ چاودێری ڕەوشەکە دەکات و بە پێی ئەوە بڕیارەکان دەدات." ئەو بەرگری لە شێوازی مامەڵەکانی کۆشکی سپی لەمەڕ ئەم بابەتە کرد لە کاتێکدا هێزەکانی ئەفغانی کە ئەمەریکا پشتیانی لێدەکردن لەگەڵ هێرشەکانی تالیبان دەستبەجێ شکستیان هێنا.

سولیڤان گوتی " ئێمە بەردەوامین لە دەرکردنی خەڵکەکە."

بەڵام یاسادانەرانی ئەمەریکا بە کۆماری و دیموکراتەکانەوە، بەرپرسانی پێشووی سەربازی و هەندێک لە هاوپەیمانە ئەمەریکییەکان ڕەخنەیان لە بێسەوبەری کشانەوەکە گرتووە لەوەتای هێزەکانی تاڵیبان لە 15ی هەشتەوە چوونەتە ناو پایتەختی ئەفغانستانەوە. سیناتۆری کۆماری مایک رۆندس ڕۆژی دووشەممە گوتی " بارودۆخی ئەفغانستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، پێویستە ئیدارەی بایدن گواستنەوەی ئەو ئەمەریکاییانەی کە هێشتا لە ئەفغانستان گیریان خواردووە بە سەلامتی بکات بە ئەرکی سەرەکی خۆی."

بەڵام پاش دەستپێکێکی هێواش هەوڵەکان بۆ دەرکردنی خەڵکەکە لە ئەفغانستان چڕکراوەتەوە. هەندێک لە بەرپرسانی لەشکری ڕۆژی دووشەممە گەشبین بوون لەمەڕ ئەوەی دەتوانن بەردەوام بن لەسەر گواستنەوەکە بە ئارامی. ژەنەڕاڵ ستیڤن لیۆنس سەرکردەی بەشی گواستنەوەی لەشکری ئەمەریکا ئێوارەی دووشەممە بە پەنتاگۆنی ڕاگەیاند " دڵنیاتان دەکەمەوە، پشوونادەین تا ئەو کاتەی ئەرکەکەمان کۆتایی پێنەیات."





XS
SM
MD
LG