Accessibility links

ئەو پیاوەی کە لە واشنتن گوتی بۆمب لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدایە خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد


ئەو پیاوەی کە لە بەردەم کتێبخانەی کۆنگرێس بانگەشەی ئەوەی کرد بۆمب لەناو کامیۆنەکەیدایە، پاش چەند کاتژمێری مشتومڕی لەگەڵ پۆلیسدا خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد.

كاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا ڕۆژی پێنجشەممە باڵەخانەکانی نزیک کۆنگرێسیان چۆڵ کرد لە کاتێکدا لەگەڵ پیاوێکدا لێکۆڵینەوەیان دەکرد کە گوتبووی بۆمبی لە ناو کامیۆنەکەی پێیە. پۆلیس تەواوی ئەو ناوچەیەی دەوروبەری کۆنگرێسی داخست کە هەشت مانگ لەمەوبەر توندوتیژییەکی زۆر تیایدا ڕوویدا.

بەرپرسێکی پۆلیسی کۆنگرێس جەی تۆماس مانجەر بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئەو پیاوە نزیکەی کاتژمێر 9:15 ی سەرلەبەیانی بە کاتی خۆجێهی ماشێنەکەی لە کەنار شەقامی بەردەم کتێبخانەی کۆنگرێس ڕاگرتبوو و بە ئەفسەرەکانی گوتبوو بۆمبی پێیە لەو کاتەیە کە ئامێرێکی وەکو تەقێنەریشی بەدەستەوە بوو.

ئەو ئەفسەری پۆلیسە گوتیشی پۆلیس هەتا ئێستا مەبەستی ئەو پیاوەی نەزانیوە.

سەرچاوەیەکی هێزەکانی چەسپاندنی یاسای ئەمەریکا ڕایگەیاند هەتا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە کەرەستەی تەقەمەنی پێبووە یان نا.

گرتە ڤیدیۆکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە کە نیشان دەدات کە پیاوێکی سپی پێست لە ناوکامیۆنەکەیەوە کە لە کەنار شەقامەکە ڕاگیراوە قسە دەکات. پیاوەکە دەڵێت دەیەوێت " هەوڵ دەدەم جۆو بایدن بهێنمە سەر خەت".

XS
SM
MD
LG