Accessibility links

کاربەدەستانی ئەمەریکا و ئەفغانستان لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە


لە ڕاستەوە مچ مککانەڵ سەرۆکی کەمینە لە سینات، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان و چاک شومەر سەرۆکی زۆرینە لە سینات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی و سەرۆکی کۆمیتەی ئاشتی ئەو وڵاتە عەبدوڵا عەبدوڵا کۆدەبێتەوە.

یەکەم پەیوەندی ڕووبەڕووی نێوان بایدن و ئەو کاربەدەستە ئەفغانیانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ‌هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ هەتا 11 ی 9 ی ئەم ساڵ لە ئەفغانستان بکشێنەوە ، هاوکات لەگەڵ ئەو ئاستەیەی بایدن کە بە کۆتاییهێنان بە "شەڕە هەمیشەییەکان" ناودێری کردووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گوتی بایدن ئەو ڕێبەرانەی ئەفغانستان دڵنیا دەکاتەوە لە پەیوەندی دیپلۆماسی ئەمەریکا و هاوکاری ئابوری و مرۆیی بۆ وڵاتەکە لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکانیان لێی دەکشێننەوە.

غەنی و عەبدوڵا ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتنە واشنتن و لەگەڵ ڕێبەرانی سینات چاک شومەر و میچ مککانەڵ کۆبوونەوە.

جێن ساکی گوتیشی"لە سەردانەکەی سەرۆک غەنی و دکتۆر عەبدوڵا عەبدوڵادا تیشک دەخرێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەفغانستان هاوکاتی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا."

یاریدەدەرێکی غەنی گوتی، سەرۆکی ئەفغانستان باس لە بابەتی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەردوو وڵات و بەردەوامی هاوکارییەکان بۆ هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان دەکات.

بە پێی ڕێککەوتنەکەی مانگی 2 ی 2020ی نێوان تالیبان و بەرێوەبەرایەتی ترامپ 1 ی پێنجی 2021دیاری کرابوو بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و کۆتایی هێنان بە شەڕی 20 ساڵەی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا. بەڵام پاشان سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی 11 سپتەمبەری بۆ کشانەوەی هێزەکان دیاری کرد.

XS
SM
MD
LG