Accessibility links

تورکیا دەیەوێت دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕۆڵێکی لەو وڵاتەدا هەبێت


تورکیا دەیەوێت دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕۆڵێکی گرنگی لەو وڵاتەدا هەبێت، ئەوەش لەڕێی پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵی نێودەوڵەتییەوە. بەڵام ئەنقەرە ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی ئەرکەکان و ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، نەک تەنها بۆ ئەو وڵاتە بەڵکو بۆ مانەوەی سەرجەم ئەرکە دیبلۆماتییەکان لەو وڵاتەدا، بە ئەرکەکانی تورکیاشەوە.

چاوش ئۆغلۆ لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیدا لە ئەنتاڵیا ئەم لێدوانەیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان حەنیف ئاتمار وتی پشتیوانی لە پێشنیارەکەی تورکیا دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ فڕۆکەخانەی کابوڵ.

وتی " پێشوازی لێدەکەین، پشتیوانی لێدەکەین. باوەڕمان وایە ئەمە گرنگ دەبێت بۆ بەردەوامبوونی تورکیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ، هەروەها بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەفغانستان."

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لەمیانەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا وتی هێزەکانی هەنگاریا و پاکستان یارمەتی تورکیا دەدەن لە دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵدا.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا لەو باوەڕەدا نیە پاکستان هیچ ڕۆڵێکی سەربازی لە ئەرکەکەی تورکیادا هەبێت.

لەلایەکی دیکەشەوە تاڵیبان چەند جارێک دژایەتی مانەوەی هەر هێزێکی بیانی کردووە لە وڵاتەکەدا، بەڵام ئەنقەرە پێی وایە بەسەر ئەم دژایەتیکردنەدا زاڵ دەبێت.

جێی ئاماژەیە تورکیا بەشێکە لە ئەرکەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆی بەدوورگرتووە لە شەڕ و پێکدادنەکاندا.

تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات پاکستان و قەتەڕی هاوپەیمانی دەسەڵاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ ڕازیکردنی تاڵیبان تاوەکو دژایەتی پێشنیارەکەی تورکیا نەکات بۆ مانەوەی لە ئەفغانستان و پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ.

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی پاکستان مەحمود قوڕەیشی وتی ئەردۆگان بانگهێشتی سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خانی کردووە قسە لەسەر ئەفغانستان بکەن. قوڕەیشی هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان لە قۆناغێکی هەستیاردایە. تاڵیبان هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا هێرشەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا چڕتر کردۆتەوە.

لە ئێستادا بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا لە گفتوگۆدان بۆ پشتیوانیکردنی تورکیا لەڕووی دارایی و لۆجیستیکیەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG