Accessibility links

تاڵیبان درێژە بە هێرشەکانی دەدات و زیانی گیانیش هەیە


چەکداری تاڵیبان
چەکداری تاڵیبان

تاڵیبان و هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان بەیەکیاندا داوە لە دەوروبەری شاری کوندوزی ستراتیژی باکوری وڵاتەکە کە یاخیبوانی تاڵیبان دەڵێن تەنها لە یەک هەفتەدا توانیویەتی دەست بگرێت بەسەر ناوچەکانی ئەو هەرێمەدا.

تاڵیبان هێرشی گەورەیان کردووە و هێزە سەربازییەکانی حکومەتیان کردۆتە ئامانج لەوەتای مانگی 5ی ڕابردووەوە کە لەشکری ئەمەریکا دەستیکردووە بە قۆناغی کۆتایی کشانەوەی لە ئەفغانستان و لەو کاتەشەوە تاڵیبان دەڵێت دەستیگرتووە بەسەر زیاتر لە 50 ناوچەدا لە سەرجەم 421 ناوچەکەی ئەفغانستاندا.

زۆرێک لەو ڕاگەیاندنانەی تاڵیبان لەلایەن حکومەتەوە گومانیان دەخرێتە سەر و پشتڕاستکردنەوەیەکی سەربەخۆیانەی ئەو ڕاگەیاندنانەش کارێکی قورسە بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە هەر ڕۆژە و بە دەست لایەکەوەیە.

عەمرولدین وەلی، وتەبێژی ئەنجومەنی هەرێمی کوندوز دەڵێت "چەکدارەکانی تاڵیبان لەبەردەم دەروازەی شارەکەدان و لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستاندا لە شەڕدان."

وەلی، دەشڵێت یاخیبوان دەستیشیان گرتووە بەسەر چەند بەشێکی ئەو ڕێگە سەرەکییانەی کوندوز دەبەستێتەوە بە هەرێمەکانی تری دراوسێیەوە.

تاڵیبان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندوە دەستی گرتووە بەسەر ناوچەی ئیمام ساحیبدا لە هەرێمەکەدا، ئەمەش سێهەم ناوچەیە لە یەک هەفتەدا تاڵیبان دەستی بەسەردا بگرێت.

وتەبێژی پۆلیسی کوندوز، هەواڵی شەڕەکانی پشتڕاست کردۆتەوە و دەڵێت هێزەکانی پۆلیس نزیکەی 50 چەکداری تاڵیبانیان کوشتووە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG