Accessibility links

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە مانگی دووەوە نەیتوانیوە دەستی بە زانیارییەکانی بەرنامەی ناوکی ئێران ڕابگات


ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئاژانسەکە لە کۆتایی مانگی دووەوە، لەو کاتەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردەوە بە سنووردارکردنی پشکێنەرانی نێونەتەوەیی بۆ دامودەزگا ئەتۆمییەکانی،نەیتوانیوە دەستی بەو زانیارییانە ڕابگات کە گرنگن بۆ چاودێری کردنی بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە بەڵگەنامەیەکی نهێنیدا کە بەسەر وڵاتانی ئەندامدا دابەشکراوە و لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدەوە بینراوە، ڕایگەیاندووە لە 23ی مانگی دووەوە "دەستی بە داتاکانی دەوڵەمەندکردنی ناوکی و و مۆرە ئەلیکترۆنییەکان نەگەیشتووە".

لە کاتێکدا IAEA و ئێران پێشتر دانیان بە سنووردارکردنی کامێراکانی چاودێری دامودەزگاکانی ئێراندا نابوو، بەڵام ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی دووشەممە ئاماژە بەوە دەکات زۆر زیاتر بووە. ئاژانسەکە دانی بەوەدا نا کە تەنها دەتوانێت بە شێوەیەکی گشتی مەزەندەی وزەی ناوکی عەمبارکراوی ئێران بکات لە کاتێکدا بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرزترین ئاستدا.

ئێران لە هەوڵێکدا بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی ئەمەریکا بۆ لابردنی سزا ئابورییەکان پشکێنەرانی لە دامەودەزگا ناوکییەکانی سنووردار کرد، پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی ئێران کشایەوە.

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ئاژانسی نێونەتوەیی وزەی ئتۆمی نزیکی 2 هەزار مۆری ئەلیکترۆنی لەسەر دامەودەزگاکانی ناوکی ئێران دانابوو کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت وەکو ئامێری پەیوەندی کردن لەگەڵ پشکێنەراندا بەکاردەهاتن. ئەو ئامێری پەیوەندییە ئەلیکترۆنیانە هەروەها زانیاری کاتی ڕاستەقینەو بەرنامەکەی دابین دەکرد.

لە ئێستادا وتووێژ لەسەر گەڕانەویە ئەمەریکا بۆ نێو ڕێککەوتنەکە لە ڤیانا لە ئارادایە.

لەوەتای ئەمەریکا لەو ڕێککەوتنە کشاوەتەوە، ئێران بە چەندین شێوە بەندەکانی ڕێککەوتنەکەی پێشیل کردووە، لەوانە پێشێلکاری لەو جۆرە سەنتەرفیوجانەی کە ڕێگەی بەکارهێنانی پێداروە،ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی عەمبارکراو و هەروەها ئەو ئاستەی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆی دیاری کرابوو.


XS
SM
MD
LG