Accessibility links

 ئێران لە میانەی وتووێژە ناوەکییەکاندا هەوڵدەدات هاووڵاتیانی لە زیندانەکانی ئەمەریکا ئازاد بکرێن


ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لەمیانەی وتووێژەکانی ڤیەنادا، کە بە مەبەستی دووبارە گەڕانەوەی تاران و واشنتن بۆ ناو ڕێککەوتنە ناوکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان بەڕێوەدەچێت، لە هەوڵی ئازادکردنی هەموو ئەو زیندانییە ئێرانیانەدایە کە لە ناو زیندانەکانی ئەمەریکادان.

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی کابینەی حکومەت بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی دیکەی زیندانیان لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا هەیە گوتی "بیرۆکەی گۆڕینەوەی زیندانییەکان هەمیشە لە بەرنامەدا هەبووە " و گوتیشی زیندانییەکان دەبێت بەهۆی" نیگەرانییە مرۆییەکانەوە ئازاد بکرێن".

ڕەبیعی وردەکارییەکانی لەبارەی ئەوەی چەند ئێرانی لە زیندانەکانی ئەمەریکادان باسی نەکرد و گوتی کە بڵاوکردنەوەی ناوەکانیان لەوانەیە زیانیان پێبگەیەنێت و لەگەڵ ئەوەشدا گوتی "ژمارەیان لە ژمارەی زیندانییە ئەمریکییەکانی ناو ئێران زۆرترە".

لە ساڵی 2019دا، ئاڵوگۆڕی زیندانییەک کرا کە تێیدا ئێران توێژەرێکی چینی- ئەمەریکایی ئازاد کرد کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بوو بە تۆمەتی سیخوڕیی زیندانی کرابوو. ئەو کات دەسەڵاتدارانی تاران ڕایانگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا نزیکەی 20 کەسی ئێرانییان زیندانی کردووە.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە تاران هیوا دەخوازێت کە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی زیندانییەکان وەک بەشێک لە دانوستانەکانی ڤیەنا بەڕێوەبچێت، ئاڵوگۆڕێکی هاوشێوەی ساڵی 2015 کە بەشێک بوو لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا.

میدیاکانی ئێران لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئاماژەیان بە ناوی حەوت ئێرانی کردووە لە زیندانەکانی ئەمەریکادا و ئەمەریکاش بەردەوام داوا لە ئێران دەکات کە زیندانییە ئەمەریکاییەکان ئازاد بکات، لەوانە سیامەک و باقێر نەمازی، کە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن سزای 10 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

سیامەک کە بازرگانێکی تەمەن 46 ساڵە و کاری بۆ نزیکبوونەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا کردوە لە مانگی 10ی ساڵی 2015 دا دەستگیرکراوە. باقێری باوکیشی کە تەمەنی 81 ساڵە و نوێنەری پێشووی یونیسێف و پارێزگاری خوزستان بووە لە سەردەمی شادا. لە مانگی دووی ساڵی 2016، ئەو کاتەی بە هۆی کۆڕەکەیەوە گەڕابووە ئێران، دەستگیرکرا.

هەروەها هاووڵاتی ئەمەریکایی دیکە کە لە ئێران زیندانی کراوە، موراد تەهباز ژینگەپارێزە کە ئێرانییە و ڕەگەزنامەی ئەمەریکا و بەریتانیای هەیە و سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە.

ئێران دان بە دوو نەتەوەییدا نانێت، واتە هاووڵاتی بوونی دوو وڵات، هەر بۆیەش ئەو کەسانەی دەستبەسەرن ناتوانن هاوکاری لە کونسوڵخانەکان وەرگرن.

لە کاتێکدا کە وتووێژە ناوکییەکە لە ڕۆژی سێشەممە لە ڤیەنادا دوای پشوویەکی کورت دەستی پێکردوەتەوە، تاران سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا هەموو ئەو سزانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی دانۆڵد ترامپی سەرۆکی پێشوودا سەپێنراون، لاببرێن لەسەر ئێران.

هاوکات واشنتنیش دەڵێت کە ئێران پێویستە هەموو بڕگەکانی ناو رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات ڕێککەوتنەدا سەپێنراون. لە وەڵامی کشانەوەی ترامپدا، ئێران وردە وردە مەرجەکانی ناو ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی پێشێل کردووە، لەوانە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم.

واشنتن لەسەر مێزی گفتوگۆکانی ڤیەنادا نییە، بەڵام شاندێکی ئەمریکی لە نەمسای پایتەختن و لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتەکانی دیکە لە نێوان ئەوان و شاندی ئێرانیدا لە پەیوەندییدان.

XS
SM
MD
LG