Accessibility links

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: جەنابی سەرۆكی حكومەت دەستوەردانی لە كاروباری دادگا نەكردووە


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان و تۆمەتبارکردنی حیزبەکەی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان، ئاماژەبەوەدەکات ناوهێنانی بادینان هەوڵێکە بۆ بە سیاسی کردنی پرسەکە، گەر نا، لەسنورەکانی تری کوردستانیش، کۆمەڵێک دۆسیە هەن، کە گومان دەکرێت پێشێلی مافی مرۆڤیان تێدا کرابێت، بۆیە پەرلەمان دوای قۆناغی لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادگا، بەدواداچوونی بۆ کردوون.

لەم گفتووگۆدایەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت"ئێستاش هەندێک دۆسیە لە سنورەکانی تری هەرێم هەن، ناڕوونن بۆ پەرلەمان و میدیاش، بەڵام ئێمە ئامانجمان پەرەپێدانە بەو سەقامگیریە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەی لە هەرێم هەیە، نامانەوێت گرژی بکەوێتە شەقام، باشترین ڕێگەش کاری پێکەوەییە، با لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لێبگەڕێین، دەسەڵاتە دەستوریەکانی تری کوردستان، کاری خۆیان بکەن و ئێمەش چاودێر بین بەسەریانەوە."

پێشتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستوەردان لەکاروباری دادگا و ڕاگەیاندنی حوکمدانی 5 ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکەی بادینان تۆمەتبارکرا، پێش ئەوەی دادگا بڕیاری کۆتایی بدات، لەبەرامبەریشدا، بەرپرسانی پارتی، لایەنەکانی تریان بەدەستوەردان لەکاروباری دادگا تۆمەتبارکرد لەو دۆسیەیەدا، لەو بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت"جەنابی سەرۆکی حکومەت، پێش دادگا بڕیاری نەداوە، دەسەڵاتەکان بۆ دادگا لێگەڕاین، بۆیە دووچاری ئەو ڕەخنانە بوون، چونکە دەسەڵات بۆ دادگا گەڕایەوە، لایەنەکانی تر کە دەستوەردان لەکاروباری دادگا دەکەن، ئەمە پرسێکی تەواو پێچەوانەی یاسا و دەستورە."

جەختیشیکردەوە "لایەنەکانی ناو پەرلەمان دەیانەوێ دەستوەردان لەکاروباری دەسەڵاتی دادوەری بکەن، ئەمە پێچەوانەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، لە پەیڕەوی ناوخۆدا بەڕوونی هاتووە، ئەو دۆسیانەی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، پەرلەمان و پەرلەمانتاران ناتوانن قسەیان لەسەر بکەن، تا دەگەنە قۆناغی کۆتایی، گەر لە حاڵەتێکدا پێشێلی مافی مرۆڤ هەبوو، ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە، ئەم لیژنەیە کۆکراوەی سەرجەم فراکسیۆنەکانە و لەوێ دەتوانن قسەی خۆیان بکەن."

سەبارەت بە ڕەخنەگرتن لە هەرێمی کوردستان لەمەسەلەی پاشەکشەکردن لە ئازادی بیروڕاو کاری میدیایی، زانا مەلا خالید وتی"ئێمە باوەڕی تەواومان بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە، پەیڕەوی ناوخۆمان لەپەرلەمان هەیە، بۆیە دەبێت پابەندی پەیڕەو بین، ڕێز لە دەسەڵاتی دادوەریش بگرین، کارکردنیشمان بەیاسا، کە لە زمنیدا یاسای ڕۆژنامەگەری هەیە، پابەند بوونی ڕۆژنامەنوسانیش بە یاسابەرکارەکان و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، ئێمە پارێزەری یاسا دەبین."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تازە وەکو سەرۆکی فراکسیۆن دەست بەکاربووە، ڕوونیکردەوە ئارام بوونی هۆڵی پەرلەمان، بەلای ئەوانەوە گرنگە، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکان دێتەدی، ئارامی هۆڵی پەرلەمان، ئارامی شەقامیشی بەدوادا دێت، هەروەها دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنیش، وتی"مەبدەئی ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی ئەوەیە، بەکاری پێکەوەیی دەتوانین لەخزمەتی خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا بین، لەکوێ بۆشایی یاسایش هەبوو، پڕی بکەینەوە، باشتر چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکەین، بۆ جێبەجێکردنی یاساکان."

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:00 0:00


.

XS
SM
MD
LG