Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئازادییەکان و دادگا لە هەرێمی کوردستانی عێراق


لەوەتای دەستگیرکراون، هەڵمەتەکان بۆ ئازادکردنیان دەستیان پێکردووە.

ژمارەیەک نوسەر و چالاکوان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەستگیر دەکرێن و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە دەڵێن بە تاوانەکانی خیانەت و سیخوڕایەتیکردن دەستگیر کراون و دادگایی دەکرێن، لە کاتێکدا زۆرینەی هاوکارەکانیان جەخت دەکەنەوە لەوەی باسکردنێکی ڕاشکاوانەی گەندەڵییەکان و ئاماژەکردنەکانیان بە خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات و قسەکردن لەسەر بەفیڕۆدانی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە هەرێمەکەدا و نوسین لەسەر ناڕەواییەکان و تاڵانکردنی سامانەکان، ئەو نوسەر و ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەیان لە زیندان ناوە.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگا لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ زیندانیکردنی شیروان شیروانی، گوهدار زێباری، شڤان بەروشکی، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا، جارێکی تر شەپۆلێکی ناڕەزایی بەرامبەر ناڕەوایی ئەو بڕیارەی دادگا دەستیان پێکردەوە.

ناڕەزاییەکان هەر تەنها بۆ داکۆکیکردن لە ئازادییەکانی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی نەبووە، بەڵکو بەشێکی زۆریشی بۆ پشتیوانی بووە لە هەبوونی دادگایەک و سیستەمێکی سەربەخۆی دادوەریی، دوور لە هەژموونی لایەنە فەرمانڕەوا دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان.

نزیکەی 10 ڕۆژێک لەمەوبەر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی نۆی هەرێم، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانێکدا سەبارەت بەم دۆسێیە دەڵێت "ئەوانە خائین و سیخوڕن، ڕۆژنامەنوس و چالاکوان نین."

ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان دەڵێن، بڕیاری 6 ساڵ زیندانیکردنی هاوکارەکانیان توشی شۆکی کردوون و بڕیارەکەی دادگاش ڕێک بڕیارێکی سیاسی بووە و هیچی تر.


میوانی بەرنامە:

مەم بورهان قانع، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

پاش ئەم بڕیارە، نەک هەر ڕۆژنامەوان و چالاکوانە سەربەخۆکان هاتوونەتە دەنگ، تەنانەت سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستانیش هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا ئاشکرا دەکات و لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا دەکات "پێویستە لە هەرێمی کوردستان تەواوی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی مەدەنی دەستەبەر بکرێت."
سەندیکا داواش دەکات یاسای ڕۆژنامەگەری بۆ کەیسی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەنوسانی پیشەیی، وەک خۆی جێبەجێبکرێت.

دکتۆر ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "ئەوەی لەبارەی پرۆسەی دادگاییکردنەکانەوە لە پەرلەمانتاران بیستویەتی سەبارەت بە بەندکراوانی بادینان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە."
لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، ئەم جۆرە ئەزموونانە لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، لەوانە دۆسێی زیندانیکردنی دکتۆر کەمال سەید قادر. لەسەر چەند وتارێک دکتۆر کەمال بڕیاری سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی لەسەر درا، دواتر لەژێر فشاری نێونەتەوەیی و ناوخۆییدا بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە.

ئەمە بێ لەوەی لەسەر نوسین و ڕای جیاواز چەندان نوسەر و ڕۆژنامەوانیش کوژراون، وەک سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و وەدات حەسەن و چەندانی تریش.

ئازاردان و سوکایەتیپێکردن و دەستگیر کردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و داخستنی کەناڵەکان و برەودان بەو میدیایانەی لە بەرژەوەندی دەسەڵات کار دەکەن، یان ئەوانەی لەژێر دەستی تاکە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حزبەکاندان، بۆتە بەشێک لە سیاسەتی ڕۆژانەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، وەک لە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن ئاماژەیان پێکراوە.

ئۆفیسی هەماهەنگی نێونەتەوەیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک وەڵامێک بۆ ڕاگەیەندراوەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەسەر دۆسێی نوسەر و ڕۆژنامەوان و چالاکوانەکانی سزی 6 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت "بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، تۆمەتباران لە رێگای سۆشیاڵ میدیا و گروپی دانوستان، پلانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم ئۆفیسەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە "بەڵگەکان بریتین لە گرتنی وێنەی ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنی و دەنگەنامە کە تێیدا باس لە هەڵگرتنی چەک دەکرێت دژی حکومەت. تۆمەتباران ئۆتۆمبێلی بێ بەڵگەیان بەکارهێناوە کە چوار مەغزەنی کڵاشینکۆڤ، تاپڕ و دوربینی سەربازیی تێدابوە."

سزادانی ڕۆژنامەوانان و هەوڵەکان بۆ بێدەنگ کردنی چالاکوانان وەها دەکەن دنیایەکی قڕوقەپپێکراو دروست بکرێت، نەک ئەو دنیایەی خەونی بە ملیۆنان کورد بووە لەو هەرێمەدا لە سەروەختی دیکتاتۆرییە یەک بەدوا یەکەکانی عێراقدا، خەون بە سەروەری یاساوە، نەک یاسایەک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک.

ئەنجومەنی دادوەریی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان کراوە، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەشێوەیەکی ئاشکرا و شەفاف و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی بەڕێز و نوێنەری کونسوڵی وڵاتان و پارێزەری کەیسەکە و نوێنەری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەچووە و پرۆسەکەش لەسەر بنەمای دادگەری بووە."
ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا دەڵێت ناڕەزاییەکان "بێگومان دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە کاروباری دەسەڵاتی دادوەریی."

هەرچۆنێک بێت ئەم لێدوان و ڕاگەیەندراوانەی فەرمانڕەوایان و کاربەدەستانی حکومی و حزبیش، وەک زۆرێک لە چاودێر جەختی لێدەکەنەوە و دەڵێن "کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر بڕیارەکەی دادگای هەولێر و بە هەمان شێوەش کاریگەری دەبێت بەسەر بڕیاری دادگای پێداچوونەوەدا."

مەم بورهان قانع، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:10 0:00

XS
SM
MD
LG