Accessibility links

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق  ڕاگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە لەبارەی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت بەوردی چاودێری دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانە دەکات کە بەم دواییانە لە لایەن دادگایەکی هەولێرەوە سزای شەش ساڵ زیندانی کردن دراون.

ئەمڕۆ هەینی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند " کۆمەڵگا دیموکراتیەکان ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەبێ ترسی تۆڵە لێسەندنەوە."

هاوکات کۆنسۆڵخانەی ئەمەریکا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش بەیاننامەکەی ئۆفیسی راگەیاندنی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە ئەژمارەی فەرمی فەیسبووکی بە زمانەکانی ئینگلیزی وکوردی بڵاو کردۆتەوە "بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی #ڕۆژنامەنووسان و #چالاکوانانمان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی #ئەمریکا دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی #هەرێمی_کوردستان و بەردەوامیش دەبێت لەسەری. کۆمەڵگا دیموکراتیەکان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای #ڕاگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه."

پاش ڕاگەیاندنەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە ڕێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات."

ڕۆژی سێشەممەش ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە لە بارەی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی شێروان شێراوانی و گوهدار زێباری.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا ڕایگەیاند " ئەو حوکمەی ئەمڕۆ بەسەر هەردوو ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری دراوە نەک تەنیا نەگونجاو و نادەدپەروەرانەیە، بەڵکو دەشیسەلمێنێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وازی لەوەش هێناوە خۆی پـیشان بدات کە گرنگی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدات."

ڕۆژی سێشەممە پێنج ڕۆژنامەوان و چالاکوانێک بە پێی مادەی یەک لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزای 6 ساڵ زیندانی کردن دران، کە مادەکە تایبەتە بە کاری سیخوڕیکردن و تێکدان.

XS
SM
MD
LG