Accessibility links

تیمەکەی WHO دەستدەکەن بە لێکۆینەوەکەیان لەسەر ڕیشەی کۆڤید-19 لە چین


لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوو هەفتەی کەرەنتینەیان لە ووهانی چین تەواو بوو، و دەستدەکەن بە کارەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ڕیشەی پەتای کۆڤید-19.

ئەو تیمە نێونەتەوەییە بە پاسێک بەڕێکەوتن پاش ئەوەی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لە هۆتێلەکەیان دەرچووون.

چین کە بۆ چەندین مانگ داواکاری بۆ لێکۆڵێنەوەکردن ڕەتدەکردەوە، ئێستا بەڵێنیداوە ڕێگە بەو تیمە بدات لێکۆڵینەوەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن. چاوەڕوان دەکرێت تیمەکە چەند هەفتەیەک لە چین بەسەربەرن وتووێژ لەگەڵ خەڵکی لە ئینستتوتەکانی لێکۆڵینەوە، نەخۆشخانەکان و ئەو بازاڕانە بکەن کە حاڵەتە سەرەتاییەکان تیایاندا بڵاوبۆوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت مەبەست لەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە نییە لایەنێک تاوانبار بکرێت بۆ پەتاکە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بزانرێت سەرەتا چۆن بڵاوبۆتەوە تا بتوانرێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای هاوشێوە لە داهاتوودا بکرێت.

مایک ڕیان کاربەدەستی باڵای WHO لە سەرەتای ئەم مانگە گوتی " ئێمە لێرە بە دوای ئەو وەڵامانەدا دەگەڕێین کە ڕەنگە لە داهاتوودا بمانپارێزن، نەک تاوانبارێک یان تۆمەتبارکردنی خەڵکی."

ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چینەوە دەرکەوت، لەو کاتەوە بە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆوە و زیاتر لە 100 ملیۆن کەسی نەخۆشخست و نزیکەی 2 ملیۆن و 100 هەزار کەسی لە تەواوی جیهاندا کوشتووە.

زیاتر لە 120 وڵاتی جیهان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان بۆ ڕیشەی ڤایرۆسەکە کردبوو، ژمارەیەکی زۆری حکومەتەکانیش بێژینگ تۆمەتباردەکەن بەوەی هیچ کارێکی نەکرد بۆ ئەوەی بە جیهاندا بڵاو نەبێتەوە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند " پێویستە ئێمە بگەینە بن و بنچینەی ڕۆژانەی سەرەتای ئەو پەتایە لە چین و ئێمە پشتگیریمان لە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کردووە کە هەست دەکەین پێویستە بەهێز و ڕوون بێت."

لە ئێستادا نیگەرانییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان بەردەوامن لەسەر دەستڕاگەیشتنیان بە ڤاکسینەکانی دژ بە کۆڤید-19.

گوتەبێژی باڵای حکومەتی ژاپۆن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازێنێکا زیاتر لە 90 ملیۆن بەشە ڤاکسین بۆ ژاپۆن بەرهەم دەهێنێت.

کاتسنوبۆ کاتۆ بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە لەوبڕوایەداین زۆر گرنگە ئەو ڤاکسینە لە ناوخۆی وڵات بەرهەم بهێندرێت."

وەکو زۆربەی وڵاتانی تر ژاپۆنیش هەوڵ دەدات ئەولەویەت بدات بە کارمەندانی تەندروستی لەو کاتەی کەلە مانگی 2 دەست بەهەڵمەتی کوتانی دەکات.

یەکێتی ئەوروپا وکۆمپانیای ئەسترازێنێکا ئەم هەفتەیە گرژیی کەوتە نێوانیان دوای ئەوەی کۆمپانیاکە گوتی دەبێت بەهۆی دواخستنی بەرهەمهێنانەوە گەیاندنی پلانبۆدارێژراو بۆ یەکێتی ئەوروپا کەمبکاتەوە.

کاربەدەستانی یەكێتی ئەوروپا داوا دەکەن بەرهەمەکە لە کاتی خۆیدا بگات و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی هەناردەی ئەو ڤاکسینانە دەکەن کە لە ئەوروپا بەهەم دەهێنرێن.

سەرۆکی کەنەدا جەستن ترۆدۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا دڵنیای کردۆتەوە هیچ سزایەکی یەكێتییەکە دوواخستنی هەناردەکان بۆ کەنەدا ناگرێتەوە.

نیگەرانییەکی تریش بڵاوبوونەوەی جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسەکەیە.

کۆلۆمبیا دەڵێت لە ڕۆژی هینییەوە هەمو گەشتە ئاسمانییەکان لە بەڕازیلەوە ڕادەگرێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە تیایدا.

سەرۆکی کۆلۆمبیا دەڵێت ئەو ڕێوشوێنە بۆ 30 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. هەر کەسێکیش کە بەمدواییانە لە بەرازیلەوە هاتۆتە نیو کۆلۆمبیا پێویستە بۆ دوو هەفتە کەرەنتینە بکرێت.

XS
SM
MD
LG