Accessibility links

لە کاتێکدا WHO لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کۆڤید-19 دەستپێدەکات، گومانەکان دەبنە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی


پاش چەند مانگی وتووێژکردن و تۆمەتبارکردنی چین بەوەی ئاستەنگ دروست دەکات بۆ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، تیمێک لە شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گەیشتنە شاری ووهانی چین، ئەوان لەوێ لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ڕیشەی ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایە دەستپێدەکەن کە هەتا ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن کەسی لە جیهاندا کوشتووە.

میدیای دەوڵەتی چین ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتنی تیمەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕاگەیاندووە، کە بریتین لە لێکۆڵەرانی زانکۆ باڵاکانی سەرانسەری جیهان لە ناویاندا شارەزایانی زانستی ئاژەڵناسی و پەتاناسی.

ئەو تیمەی کە لە 15 کەس پێکهاتووە نزیکەی یەک مانگ لە چین دەمێنێتەوە. لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی چین، زانایان یەکەم دوو هەفتەیان لە کەرەنتینە بەسەر دەبەن.

ئەو پاسەی کە ئەندامانی ئەو تیمەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ی هەڵگرتبوو کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەکردن لە ڕەگ و ڕیشەی کۆڤید19 گەیشتنە چین، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تیانی لە ووهان، 14ی یەکی 2021
ئەو پاسەی کە ئەندامانی ئەو تیمەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ی هەڵگرتبوو کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەکردن لە ڕەگ و ڕیشەی کۆڤید19 گەیشتنە چین، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تیانی لە ووهان، 14ی یەکی 2021

ئامانجی تیمەکە ئەوەیە بزانن ئەم ڤایرۆسە سەرەتا چۆن دروست بووە، چۆن گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ و چۆن دەتوانرێت لە داهاتوودا ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی لەمجۆرە پەتایانە بگیردرێت. ئەم ئەرکانەش ئاسان نابێت؛زیاتر لە ساڵێکە کۆڤید-19یەکەم جار دۆزرایەوە، کە لە سەرەتاوە پەیوەندی هەبوو بە بازاڕی گۆشتفرۆشی ووهانەوە.

ئەرکەکەشیان لە ڕوانگەی دیپلۆماسی و سیاسیەوە جیاواز دەبێت. هەرچەندە چین بەڵێنی داوە ڕێگە بە کاربەدەستەکانی WHO بدات دەستیان بە هەمو شوێنەکان ڕابگات بەڵام زۆرجار پەکین بۆتە بەرگریکار و هەوڵی داوە ڕێگە بگرێت لەو لۆمانەی کە دەکرێت بەهۆی زیانەکانی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا.

بازاڕی هواونانی ووهان بۆ فرۆشتنی خۆراکە دەریاییەکان کە ژمارەیەک لە هاووڵاتیان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە نەخۆش کەوتبوون، لە شاری ووهانی چین داخرا، 12ی یەکی 2020.
بازاڕی هواونانی ووهان بۆ فرۆشتنی خۆراکە دەریاییەکان کە ژمارەیەک لە هاووڵاتیان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە نەخۆش کەوتبوون، لە شاری ووهانی چین داخرا، 12ی یەکی 2020.

چەند جارێکیش گەشتی شارەزایانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دوواخرا. لە سەرەتای ئەم مانگە، ڕۆشتنی تیمەکە دووا خرایەوە بەهۆی کێشەی ڤیزا کە کاربەدەستانی چین پاشان گوتیان پەیوەندی بە " هەڵە تێگەیشتنەوە" هەبووە.

ئەو دووا کەوتنانە هەتا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام بوو. WHOڕایگەیاند دووان لە زاناکانی هێشتا لە سینگاپورن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆڤید-19. هەرچەندە گوتراویشە هەمو ئەندامانی تیمەکە " چەند جارێک تاقیکردنەوەکانی PCR و دژەتەنەکانیان بۆ کۆڤید-19 نەرێنی بوون، لە وڵاتەکانی خۆیان بەرلەوەی گەشتەکەیان بکەن"، دوو ئەندامی تیمەکە تاقیکردنەوەی دژەتەنی IgM یان ئەرێنی بووە، کە لەش یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە ڤایرۆسە نوێیەکە هەیە. هێشتا ڕوون نییە ئەو دوو زانایەی تر کەی دەگەنە چین.

زیاتر لە 120 وڵاتی جیهان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان بۆ ڕیشەی ڤایرۆسەکە کردبوو، ژمارەیەکی زۆری حکومەتەکانیش پەکین تۆمەتباردەکەن بەوەی هیچ کارێکی نەکرد بۆ ئەوەی بە جیهاندا بڵاو نەبێتەوە. سەرۆکی لەسەر دەرچوونی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەم بارەیەوە زۆر بە ڕاشکاوی قسەی کردووە، زۆربەی جار ئەو ڤایرۆسە بە " ڤایرۆسی چین" ناودێر دەکات و داوا دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان چین بەرپرسیار بکات.

بەڵام چەند ئەندامێکی تیمەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و کاربەدەستانی تری ئاژانسە تەندروستییەکانی جیهان ڕایانگەیاندووە ئەرکەکەیان ئەوە نییە لایەنێک تاوانبار بکەن.

فابیان لیندرتس بایۆلۆجیست لە ئینستتوتی ڕۆبەرت کۆچ لە ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەی گاردیەنی ڕاگەیاند " ئەمە بۆ ئەوە نییە چین تاوانبار بکرێت یان بڵێین لە کوێوە دەستیپێکردووە، ئەمە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانەوە هەیە. و میدیا دەتوانێت هاوکاربێت بە پشگوێخستنی تاوانبارکردنە ترامپ ئاساکان."

بەرێوەبەری پرۆگرامی فریاکەوتنی تەندروستی WHO مایک ڕایەن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند " با ئەم ئەرکە دەستپێبکات با سەرج لەسەر زانستبێت نەک سیاسەت. ئێمە بەدوای ئەو وەڵامانەدا دەگەڕێین کە دەشێن لە داهاتوودا بمانپارێزن، نە تاوانبار و نە کەسێک کە لۆمەی بکەین."

چین چەند مانگێکە داواکارییەکانی بۆ لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی ڕەتکردۆتەوە. لە مانگی حەوتدا چین و WHO دووا جار ڕێککەوتن لەسەر کڵێشەیەکی کارکردن بۆ لێکۆڵینەوە. وەکو بەشێک لەو بەرنامەیە، چین سوربوو لەسەر ئەوەی ڕێگە بدرێت زاناکانی خۆی سەرەتا لێکۆڵینەوەکە ئەنجام بدەن، لە ناویاندا تاقیکردنەوەکان لەسەر پاشماوە و نمونەکانی خوێن و وتووێژکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە سەرەتا توشی ڤایرۆسەکە بوون.

پرۆفیسۆر ئاچ کلێمێنتس لە زانکۆی کەرتینی ئوسترالیا دەڵێت " ئەم کارانە مانای ئەوە نییە لە ماوەی 12 مانگی ڕابوردووا هیچ نەکرابێت، زۆر شت کراون و زۆر بەڵگەش کۆکراونەتەوە. جا یەکێک لە ئەرکەکانی تیمەکەی WHO ئەوەیە بڕۆن بۆ چین و لەگەڵ زانا چینییەکاندا کۆببنەوە و بڕاواننە بەڵگەکان."

هەتا ئێستا چین بە ئاشکرایی ڕاینەگەیاندووە کە زاناکانی چییان دەستکەوتووە. بەڵام زۆر لە شارەزایان هیوادارن تیمەکەیWHO بتوانێت لەم سەردانەیدا دەستی ڕابگات بەو زانیاریانە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە ووهانی نێوەندی پارێزگای هەبای چین دۆزرایەوە. بەشێکی زۆری پسپۆڕان لەوبڕوایەدان ئەو ڤایرۆسە لە مێژە لە نێو شەمشەمەکوێرەدا هەبووە بەڵام پاشان بە ڕێگای ئاژەڵێکی تری کێوی کەلە بازاڕی ووهاندا فرۆشراوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەمەریکا لە ناویاندا سەرۆک ترامپیش، گوتویانە ئەم ڤایرۆسە لەوانەیە بە هەڵە لە پەیامانگای ڤایرۆلۆجی ( زانستی تاقیکردنەوەی ڤایرۆس)ی ووهانەوە سەری هەڵدابێت. ئەو پەیمانگایە تاقیگەی باڵای چینە کە چەندین ساڵە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ڤایرۆسە کۆرۆناکانی شەمشەمە کوێرە. کاربەدەستانی ئەمەریکا بە بەڵگە بۆچوونەکەیان نەسەلماندووە.

تاقیگەی پەیمانگای ڤایرۆلۆجی ووهان
تاقیگەی پەیمانگای ڤایرۆلۆجی ووهان

چین ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا بەهۆی ئەوەی لە مەترسییەکان ئەم پەتایەی بە کەم نرخاندبوو و هەوڵی دابوو ئەوا کەسانە بێدەنگبکات کە دەیانویست دەنگ هەڵبڕن.

لە هەمووی دیارتریش لی وێنلیانگ، پزیشکی نەخۆشخانەی ناوەندی ووهان بوو کەلێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراو لەلایەن پۆلیسەوە بە تاوانی "بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست" سزا درا، ئەوەش پاش ئەوەی هەوڵیدا هاوپشیەکانی لە نەخۆشییەکە ئاگادار باکتەوە. دواتر لی بە ڤایرۆسەکە گیانیلەدەستدا.

خەڵکی لە هۆنگ کۆنگ بەشداری دەکەن لە مەڕاسیمی مۆم داگیرسان بۆ پزیشی چینی لی وێنگلینگ 7ی دووی، 2020
خەڵکی لە هۆنگ کۆنگ بەشداری دەکەن لە مەڕاسیمی مۆم داگیرسان بۆ پزیشی چینی لی وێنگلینگ 7ی دووی، 2020

چین هەروەها زۆر بە توندی گفتوگۆی ناوخۆیی کۆنترۆڵ کرد.

دەربارەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لێکۆڵینەوەیەکی ئەمدواییانەی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد دەریخستووە زانایانی چینی ڕێگەیان لێ گیرابوو بۆ میدیاکان قسەبکەن یان هەر جۆرە داتایەک و لێکۆڵینەوەیەک بڵاوبکەنەوە کەلەلایەن هێزی ئەرکەوە پەسەند نەکرابێت کە ئەو دەستەیەش لەلایەن حکومەت لەژێر فەرمانی سەرۆک شی ژینگپینگ کاری کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چین چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە ڤایرۆسەکە لە چینەوە بڵاو نەبۆتەوە. بەشێکی زۆر لە میدیاکانی دەوڵەتی چین دەڵێن ڕەنگە کۆڤید -19 لە ئیتالیاوە بڵاوبووبێتەوە و دەڵێن بە ڕێگای خۆراکە دەریاییە بەستووەکان نێردراوە بۆ چین. بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت " بەوە ناچێت خەڵکی لە ڕێگای خۆراک یان پاکەتەکانی توشی ئەو ڤایرۆسە بن."

پاشان تیمێکی زانیایانی چینی بەم دواییانە ڕایانگەیاند ڤایرۆسەکە لە هاوینی 2019 لە هندستانەوە سەریهەڵداوە. لە مانگی سێ ساڵی ڕابوردوو کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی چین تیۆرییەکی بێبنەمای پێشکەش کرد و گوتی ڕەنگە لەشکری ئەمەریکا ئەو ڤایرۆسەی لە ووهان بڵاکردبێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز و زانیاری هەڵە، بەشێکی زۆری شارەزایانی تەندروستی هیوادارن تیمەکەی WHOبتوانێت بەم زووانە هەندێک وەڵامی متمانەپێکراو و ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت.

کلێمێنتس دەڵێت " هیوادارم سیاسەتمەداران، ڕێبەرانی جیهان، دەرفەت بدەن بە تیمی لێکۆلەران تا کاری خۆیان بکەن کە ئەرکێکی زانستییە. ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی نییە."

XS
SM
MD
LG