Accessibility links

بایدن و هێرس پێکەوە لە دێلوێرەوە دەستدەکەن بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن


کاندیدی چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی جۆ بایدن و کامڵا هێرس کە بەم دواییانە دەستنیشانی کرد بۆ جێگری بڕیارە ڕۆژی چوارشەمە بۆ یەکەم جار پێکەوە دەربکەون وەکو تیمێک لە هەوڵەکانیاندا بۆ شکستپێدانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ و مایک پێنسی جێگری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی 11 دا.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن و هێرس ڕایگەیاند ئەوان لە ویلمینگتۆنی دێلوێر باس لە " پێکەوە کارکردنیان بۆ چاککردنەوەی ڕوحیەتی وڵات و شەڕ لە پێناو خێزانەکانی چینی کارکەر و بەرەوپێشبردنی وڵات دەکەن."

بایدن ڕۆژی سێشەممە هێرسی بە فەرمی وەکو جێگری خۆی دەستنیشان کرد، ئەمەش یەکەم جارە ژنێکی ڕەشپێست و باشوری ئاسیا دەستنیشان بکرێت بۆ جێگری سەرۆکی لایەنێکی سیاسی سەرەکی لە ئەمەریکا.

پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا ئەوەندە دەنگی بەدەستهێنا کە بەربژارێتی خۆی مسۆگەربکات، بایدنی تەمەن 77 ساڵان بەڵێنی دا جێگرێکی ژن دیاری بکات. پێشبینییەکی زۆریش دەکرا کە ژنێکی ڕەشپێست دیاری بکات. پێشبینی چەند کەسێکی دیاری کراو لە ناو پارتەکە دەکرا.

بەڵام دۆستایەتی بایدن و هێرس دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە هێرس داواکاری گشتی ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو و خوالێخۆشبوو بۆ بایدنی کوڕی جۆ بایدن داواکاری گشتی دێلوێر بوو.

ڕۆژی سێشەممە جۆ بایدن لە تویتێکدا گوتی " ئەو لە نزیکەوە لەگەڵ بووە کاری کردووە. من بینیم کاتێک ئەوان کەنارە گەوەرەکانیان گرت، خەڵکی کارکەریان بەرەوپێشبرد، ژنان و منداڵانیان لە دەستدرێژی پاراست. ئەو کاتەش شانازیم پێیانەوە دەکرد و ئەمڕۆش شانازی دەکەم کە ئەو دەکەم بە هاوبەشی خۆم لەم هەڵمەتەدا."

کاردانەوەی سەرۆک ترامپ لە بەرامبەر کاندیدکردنی کامڵا هێرس لەلایەن جۆو بایدنەوە
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:22 0:00

هێرسی تەمەنی 55 ساڵان لە ئۆکلاندی کالیفۆرنیا لە دایکبووە. ئەو کچی دوو کۆچبەرە باوکی لە جەمەیکاوە و دایکیشی لە هندستانەوە هاتووە.

دەرچووی زانکۆی کالیفۆرنیایە و کۆلیژی یاسایی هێستینگسی تەواوە کردووە و لە ساڵی 2003 وەکو داواکاری هەرێمی سانفرانسیسکۆ هەڵبژێردراو پاشان لە ساڵی 2010 ش بوو بە داواکاری گشتی کالیفۆرنیا.

هێرس کەمتر لە چوار ساڵە لەمەوبەر وەکو سیناتۆری دیموکرات نوێنەری کالیفۆرنیا هاتە واشنتن.

لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی کاندیدی دیموکراتەکاندا بۆ ماوەیەکی کورت لە پێشەنگدابوو پاش سەرکەوتەنەکانی لە مشتومڕە سەرەتاییەکاندا. ڕەخنەکانی لە دژایەتی کردنی بایدن لە بڕیارێکی دادگا بۆ هەوڵی بەدەستهێنانی هاوسەنگی ڕەگەزی لە خوێندنگا گشتییەکاندا زیانی بە پەیوەندییەکانیان گەیاند.

بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەڵوێستە سیاسییەکانی هێرس لە مشتومڕە سەرەتاییەکاندا نێوەندگیر بوو، لەو ناویاندا پشتیوانییەکانی بۆ هێزەکانی چەسپاندنی یاسا وەکو داواکارێکی گشتی، نەیتوانی لیبراڵەکان و ئەوانە خۆشحاڵ بکات کە پشتیوانی لە ڕیفۆرمێکی زۆری کۆمەڵایەتی دەکەن و بەر لە یەکەم هەڵبژاردنی بەرایی پارتەکە ئەو لە پێشبڕکێکە کشایەوە.

هەندێک لە دیموکراتەکان تاوانباری دەکەن بەوەی لە بابەتەکانی توندوتیژی پۆلیس، پرسەکانی کە پیوەستن بە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات دژ بە توندوتیژییەکانی پۆلیس لە دژی ڕەشپێستەکان و کەسانی تر بێدەنگە.

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما یەکێکە لەو دیموکراتانەی کە پشتیوانی لە دەستنیشان کردنی هێرس وەکو جێگری بایدن کردووە.

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما
سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما

ڕۆژی سێشەممە ئۆباما لە تویتێکدا گوتی " لەمێژە سیناتۆر کامڵا هێرس دەناسم. ئەو تەواو ئامادەیە بۆ ئەو کارە. ماوەی کارکردنی بۆ بەرگری کردن لە دەستورمان و شەڕ بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە دەستهێنانی بەشێکی گونجاوە تەرخان کردووە. ئەمە کاتێکی باشە بۆ وڵاتەکەمان. ئێستاس با بەرەو سەرکەوتن بڕۆین."

ئەندامی کۆنگرێسی دیموکرات راجا کرشنامورتی، کە لە نیو دهلی هندستان لە دایک بووە لە تویتێکدا گوتی " بێ گوێدان بەوەی چ بیروڕایەکی سیاسیت هەیە، ئەمە شتێکی زۆرە بۆ پێشکەوتنەکانی وڵاتەکەمان کە پارتێکی سەرەکی سیاسی ئێستا ژنێکی ڕەشپێست و باشوری ئاسیایی بۆ پۆستێکی ئەوەندە باڵا دەستنیشان بکات."

بەڵام ڕاوێژکاری باڵای هەڵمەتەکانی سەرۆک ترامپ کاترینا پێرسن هێرسی بە " کامێڵای فێڵباز" لەقەڵەمدا و گوتی " ئەو دەستبەرداری مۆراڵەکانی خودی خۆی دەبێت، هەر وەها هەوڵ دەدات تۆماری خۆی وەکو داواکارێکی گشتی لە خاک بنێت لە پێناو قایلکردنی توندڕەوە ژە پۆلیسەکانی کە پارتی دیموکراتیان کۆنترۆڵ کردووە.... ئەو سەلماندی کە جۆ بایدن شوشەیەکی خاڵییە کە پڕ کراوە لە ئەجێندای چەپە توندڕەوەکان."

هێرس سێهەم ژنە بکرێت بە جێگری کاندیدێکی پارتێکی سیاسی سەرەکی بۆ سەرۆکایەتی.

نوێنەری دیموکراتەکان جێرالداین فیرارۆ لە ساڵی 1984 وەکو جێگری واڵتەر ماندێڵ دەستنیشان کرا کاتێک بە ڕانۆڵد ڕەیگن و جۆرج بوشی کۆماری دۆڕان.

پارێزگاری پێشوی ئەلاسکا سێرا پێڵن وەکو جێگری کاندیدی کۆماری جۆن مەککەین لە ساڵی 2008 دەستنیشان کرا بەلام بە ئۆباما و بایدنی دیموکرات دۆڕان.

XS
SM
MD
LG