بەرپرسی دەزگای جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی لە ئەمریکا ئاگاهی دەدات کە لەم هەفتەیەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکادا خراپتر دەبێت.
دکتۆر جێرمی ئادەمز ئاماژە بەوەش دەکات هێشتا خەڵک لە ئەمریکا مەترسی ئەم پەتایەیان بە ڕژدی وەرنەگرتووە و دەشڵێت دەخوازێت ئەمریکاییەکان تێبگەن لەوەی ئەم هەفتەیە ڕەوشەکە خراپ دەبێت.
ئەم لێدوانانەی دکتۆر ئادەمز لە میانەی دیمانەیەکیدا بوو لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی، وە تیایدا باسی لە ئەگەرەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد لە ئەمریکادا، وەک دەڵێت " پەتاکە بڵاودەبێتەوە چونکە زۆر کەس، بەتایبەتی گەنجەکان وابەستەی ڕێنوماییەکان نین تا لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە."
بەرپرسی دەزگای جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی لە ئەمریکا دەڵێت هێشتاش گەنجانی وڵاتەکەی دەچنە کەنار دەریا لە ستانی کالیفۆرنیا، یان دەچنە ناشناڵ مۆڵ لە واشنتۆن تا چرۆکردنی دار گێلاسە ژاپۆنییەکان ببینن، هەروەها ئاگاهیشی داوە کە گەنجەکانیش دەشێت ببنە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا و دووچاری کۆڤید 19 ببن و لە نەخۆشخانە بهێڵرێنەوە و مردنیشی بە دوادابێت.
دکتۆر جێرمی ئادەمز دەڵێت "پێویستە هەموو کەسێک وەها ڕەفتار بکات کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، جا پشکنینی بۆ کرابێت یان نەکرابێت، پێویستە لەوە تێبگەین کە کەسێک ئەم ڤایرۆسە دەگوێزێتەوە، هەر بۆیە لە ماڵەوە دابنیشە و مەچۆرە دەرێ."